ئەمڕۆ جارێکی دیکە گفتوگۆ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکرێت

وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی کوردستان لە بەغدا کۆ دەبنەوە

بریارە ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025، جارێکی دیکە لە بەغدا، هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە.

زیاتر لە دوو مانگە، هەمواری ئەو ماددانەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق  كه‌ تایبەت بوون به‌ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، له‌ په‌رله‌مان ده‌نگیان لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کێشەکان چارە بکرێن. 

بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، ئەو وادەیە کۆتایی هاتووە کە بۆحکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کرابوو، بۆ دەست نیشانکردنی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تاوەکوو نرخی کۆتایی دەرهێنانی نەوت دیاری بکات. 

لەم بارەوە عەدنان جابری،  جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بە گوێرەی یاسای بودجە دەبوایە هەردوو حکوومەت لە ماوەی 60 ڕۆژدا کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری دەست نیشان بکەن، بەڵام ماوەکە کۆتایی هاتووە و ئەگەر وا بڕوات، دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵە تاکلایەنە بڕیار لەسەر دیاریکردنی کۆمپانیایەک بدات.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر داواکارییەکانی خۆیان لە بەرانبەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق سوورن و بەهۆی بێ متمانەییان، داوای قەرزی ساڵانی ڕابردووی بەرهەمهێنانی نەوت و وەرگرتنی پارەی پێشوەختە و دڵنیایی دەکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق، کە تاوەکوو ئێستا نەهاتووەتە ژێر باری ڕێککەوتن، پلان و نیازی هەیە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە نەوتی کێڵگەی باشوور (بەسرە) لەگەڵ نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەی جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە بکات. 

هەر لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەراوێزی نۆیەمین دیداری سلێمانی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرسی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەیەک بوو ئیدارەی بایدن کاری لەسەر دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئەو کات نەتوانرا ڕێککەوتنێک بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێت.

گوتیشی:  بەشێک لە کێشەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سیاسین، بەشێکیشیان هونەرین، هەربۆیە هیواخوازم ئیدارەی ترەمپ،  یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێککەوتنێکی باش، بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.

هەروەها حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە پانێلێکی دیداری سلێمانی ڕایگەیاند، دەرگاکانی گفتوگۆ هەمیشە کراوەن و هەر لەم سۆنگەیەوە ڕۆژی شەممە، 19ـی نیسانی 2025، شاندێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە بەغدا دەبن و بەیەکەوە کۆ دەبینەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن و هیودارین بەزووترین کات بگەینە ڕێککەوتن، چونکە سامانی عێراق پێویستیی بەوەیە هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.

گوتیشی: لە سەردانی ئەم جارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم بابەتە تاوتوێ کرا و بووە هۆکارێک ئەم پرۆسەیە خێراتر بکرێت.

زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ڕاگیراوە و بە هۆیەوە مانگانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار زیان بەر داهاتی گشتی و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment