بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.9 پلەی ڕێختەر پاکستانی هەژاند

شەممە، 19ـی نیسانی 2025، دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 بە پلەی ڕێختەر چەند شارێکی باکووری پاکستانی هەژاندووە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر زیانەکان ڕانەگەیەندراوە.

سەنتەری بوومەلەرزەزانی نیشتمانی پاکستان بڵاوی کردەوە، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە ناوچەی سنووری نێوان ئەفغانستان و تاجیکستان بووە، بە قووڵایی 94 کیلۆمەتر.

ئاماژەی بەوەش داوە، بوومەلەرزەکە لەکاتی نیوەڕۆدا ڕوویداوە و لە چەند شارێکی پاکستان هەستی پێکراوە، بەتایبەتی ئیسلام ئابادی پایتەخت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی پاکستان، هاووڵاتیانی ترسێکی زۆریان لێ نیشتووە و بەپەلە لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی تۆمار نەکراوە.

لەساڵی 2005 بوومەلەرزەیەک لە کشمیری ئەو وڵاتەی دا، کە گوڕییەکی 7.6 پلەی ڕێختەر بوو زیاتر لە 86 هەزار کەس گیانیان سپارد، بووە یەکێک لە بوومەلەرزە هەرە وێرانکەرەکانی مێژووی پاکستان.

هەروەها لە ساڵی 2013 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە باشووری ڕۆژئاوای بەلوچستانی هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە 800 کەس گیانیان سپارد و تەواوی گوندەکانی وێرانکرد.

 

 
Fly Erbil Advertisment