باڵیۆزی ئەڵمانیا: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیک و متمانەپێکراوی ئەڵمانیایە لە ناوچەکە

کریستیان هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری کوردستان24 دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ئابووری، گفتوگۆی سیاسی، هاوکاری مرۆیی و پشتگیری سەربازی بەردەوام دەبێت، هیواشی خواست ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا بەزووترین کات چارە بکرێن و هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێن و حکوومەتێکی یەکگرتوو پێک بهێنرێت. هاوکات جەختیشی کردووە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلار هاوکاری پێشکەشی عێراق و هەرێـمی کوردستان کردووە.
ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەکەیە:
کوردستان24: چۆن هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر چارە کردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەڵدەسەنگێنێ، بە تایبەت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان؟
باڵیۆزی ئەڵمانیا: ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاستەنگی لە بەردەم پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هەبووە، کە ئەمەش کاریگەریی بەسەر خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێـمی کوردستانی هەبووە. ئاماژەشی دا، تێدەگەم لەوەی دانوستناکانی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ پرۆسەیەکی دوورودرێژ و پرۆسەیەکی پڕە لە ئاڵنگاریی. هیواداریشم بۆ بەرژەوەندیی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و گەشەسەندن، بە زووترین کات ڕێکبکەون."
کوردستان24: هەڵویستی حکوومەتی ئەڵمانیا لە گفتوگۆییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان چییە، بەتایبەت لە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؟
باڵیۆزی ئەڵمانیا: هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر گرنگترین پێکهاتەیە بۆ یەکگرتووی و پرۆسەی دیموکراسی. بەشداریکردنی ئەو ڕێژە بەرزەی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی ڕابردوو، نیشانەی گەرموگوری هاووڵاتییانە لە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی حکوومەتی داهاتوویان. ئێمەش بە وردی چاودێری گفتوگۆییەکان و هەڵبژاردنی حکوومەتی هەرێـمێ کوردستان کردووە. هاوکات کارا کردنەوەی پەرلەمانی، کە نوێنەرایەتیی خەڵکی هەرێم دەکات بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەی سیاسی و دیموکراسی لە هەرێـمی کوردستان زۆر گرنگە.
پێشوازیی لە دانوستانەکانی لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، پارتە سیاسییەکان بەرپرسیارییەتیەکی گەورەیان لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەت بە سەرکەوتوویی هەیە، بە تایبەت لە سەقامگیری و پێشکەوتنی دیموکراسی لە هەرێمدا، لە دڵەوە هیوا دەخوازم لە زووترین کاتدا، بەر لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کابینەیەکی یەکگرتوو لە هەرێـمی کوردستان پێک بهێنرێت.
کوردستان24: دەتوانن وردەکاریی زیاتر لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێستای نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان بخەنەڕوو، ئایا بەرلین پلانی هەیە لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییە فراوانتر بکات؟
باڵیۆزی ئەڵمانیا: هەرێـمی کوردستان و ئەڵمانیا پەیوەندییەکی دۆستانە و سوودبەخشیان لە نێواندا هەیە، چی لە ڕێگەی پڕۆژەی هاوبەش بێت یان گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکەمان بێت، ئێمە لە نزیکەوە و بە گیانی متمانەوە هاوکاری یەکتر دەکەین. حکوومەتی هەرێـمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە لە ناوچەکەدا، مەبەستیشمانە پەیوەندییەکان و هاوکارییەکان فراوانتر بکەین. لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری و لە کانوونی دووەمی 2025، تۆبیاس لیندنەر، جێگری وەزیری دەرەوە ئەڵمانیا، سەردانی هەولێریان کرد و لە بارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان گفتوگۆیان لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمێ کوردستان کرد.
زۆر گەشبینم لەوەی پەیوەندییە بەهێزەکەی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر گەشە بسەنێت.
کوردستان24: ئەڵمانیا هاوکارییەکی باشی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە، ئایا ئەو هاوکارییانە لە داهاتوودا بەردەوام دەبن، ئێستا هیچ بەرنامەیەکی هاوکاری و پێدانی ڕاهێنان لە بەرنامەنتاندا دایە؟
باڵیۆزی ئەڵمانیا : یەکگرتویی هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە یەکگرتویی هەرێمی کوردستان، ئێمە هاوڕاین لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەوەی کە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە هێشتا بەدی نەهاتووە. هاوکات، ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشانی نێودەوڵەتی بەشداریان کردووە لە پرۆسەی یەکگرتویی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی دابینکردنی تواناسازی و کۆرسی ڕاهێنانەوە. پشتیوانییەکانمان بەردەوام دەبن، چونکە یەکگرتوویی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە گرنگە.
کوردستان24: پڕۆژە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و هاوکارییەکان چی دەبن کە لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە پاڵپشتی عێراق دەکرێن، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن؟ ئەم دەستپێشخەرییانە چۆن لەگەڵ ئامانجە فراوانەکانی ئەڵمانیا لە ناوچەکەدا دەگونجێن؟
باڵیۆزی ئەڵمانیا: هاوکارییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشک دەخاتە سەر بوارە سەرەکییەکان کە پێویستن بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی درێژخایەنی هەرێمی کوردستان- لەوانە گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، هەمەچەشنکردنی ئابووری، گۆڕانی کەشوهەوا و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ. توانایەکی بەرچاو بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی کورد و ئەڵمانیا هەیە. هاوکات خۆشحاڵین بە بینینی ژمارەیەکی زۆر لە شاندە بازرگانییەکان بۆ گەڕان بەدوای دەرفەت و مامەڵەی بازرگانی کە لە ئەڵمانیاوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە عێراقیشەوە گەشت بۆ ئەڵمانیا دەکەن.
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق باسی لەوەش کرد، لە ساڵی 2014ـەوە ئەڵمانیا زیاتر لە سێ ملیار و 420 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری دوولایەنە و فرەلایەنە بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و چاکسازیی درێژخایەن بە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کردووە، هاوکات عێراقێکی ئاوەدان و سەقامگیر و گشتگیر پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.