وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لەسەر پێشنیازی عوممان دانوستانی ڕۆما دواخرا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، گەڕەی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر پێشنیازی وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عوممان بووە.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بڕیار بوو گەڕێکی دیکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ نێوان تاران و واشنتن، شەممە لە 3ی ئایاری 2025 لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، بەڵام وەزیری دەرەوەی عوممان وەک نێوەندگیر پێشنیازی دواخستنی دانوستانەکانی کردووە بۆ کاتێکی دیکە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە، وادەی نوێی و شوێنی بەڕێوەچوون گەڕێکی دیکەی دانوستانی ناڕاستەخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەلایەن لایەنی عوممانەوە دەست نیشان دەکرێت.
بەقائی دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ زامنکردنی ماف و بەرژەوەندییە یاساییەکانی گەلی ئێران، کۆتایی هێنان بە سزا و گەمارۆ سەپێندراوەکان و فشارە ئابوورییەکان بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ بەدر ئەلبوسەعید، وەزیری دەرەوەی عوممان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، کە بڕیاربوو لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوە ناچێت و بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، بێ ئەوەی هیچ بەراورێک ئاشکرا بکات.