شارەوانیی سلێمانی: تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی شەقامی 100 مەتری دەکرێتەوە

سەرۆک شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، کارەکانی دروستکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەباشی بەڕێوە دەچێت، لیژنەشیان بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکان پێک هێناوە.
پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا تیمەکان بە چڕی کار لە شەقامی 100 مەتری دەکەن.
گوتیشی: ئێمە لەکاتی خۆیدا پارەیان بۆ خەرج دەکەین و کارەکان بەردەوامە، بۆیە بەپێی ئەو پلانەی پێمان داون، تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی شەقامی 100 مەتری دەکرێتەوە.
شەممە 11/7/2020 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكان بۆ چارەكردنی كێشەی ھاتووچۆ لە شاری سلێمانی.
مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی ڕایگەیاند، پرۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی حکوومەت و خەڵکی سلێمانی شایەنی پرۆژەی زیاترن.
ڕاشیگەیاند، خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم و خۆشحاڵم له‌گه‌ڵ ئێوه به‌شدارم بۆ دانانی به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی، بێگومان یه‌كێكه له پڕۆژه هه‌ره گه‌وره و ستراتییجییەكان حكوومه‌ت بۆ شاری خۆشه‌ویستی سلێمانی.
سەرۆکی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی، خۆشه‌ویستانی سلێمانی شایه‌نی ئه‌و پڕۆژه‌یه و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ترن، ئێمه له حكوومه‌ت به‌ڵێنمان داوه خزمه‌تكاری هه‌مووان بین.
ئاماژەی بەوەش کرد، له‌م حكوومه‌تە گرنگی به هەموو ژێرخانەکان ده‌ده‌ین، ڕێگه‌وبانیش به‌شێكی سه‌ره‌كییه، لێره‌وه پیرۆزبایی له خه‌ڵكی سلێمانی ده‌كه‌م.