ژەنەڕاڵ مایكڵ فڵین: پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

ژەنەڕاڵ مایكڵ فڵین، ڕاوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستان24 ڕایگەیاند "هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکی پتەویان هەیە و داوا لە سەرکردایەتی کورد دەکەم ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی ببێتەوە، هاوكات یەكگرتووبن تاكوو لەو دۆخە نوێیەی لە ناوچەکە هاتۆتە ئاراوە، كوردستان بەدوور بێت.
دەشڵێت: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە لەگەڵ ئەمەریکا پەیوەندییەکی ناوازە و جیاوازە، پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای قوربانیدانی هاوبەشە.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەرێمی کوردستان قوربانی بۆ جیهان و ئەمەریکاش داوە، ئێمە دوو دەیەیە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
پەیامی من بۆ خەڵک و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ئەوەی یەکگرتووبووبن و بەهێزتر ڕووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، هەرچەندە گەندەڵی لە ئەمەریکاش هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە قوبڵی بکەین.
ژەنەڕاڵ مایكڵ فڵین، ڕاشیگەیاند "بڕوام وایە هەرێمی کوردستان سامانێکی گەورەی هەیە ئەویش خەڵکەکەیەتی، گەر یەکگرتووبوون دەوڵەتی خۆیان بەدەست دەهێنن."