نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوای ڕووخانی ئەسەد 670 هەزار سووری ئاوارە بوون

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، کەچی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیی تایفی و مەزهەبییەوە 670 هەزار کەسی دیکە لە ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.
فەرحان حەق دەڵێت: لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی پێکدادانە ناوخۆییەکانی سووریاوە نزیکەی 900 کەس بوونەتە قوربانی، هەروەها لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردووەوە، نزیکەی یەک ملیۆن کەس گەڕانەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بە پێچەوانەشەوە نزیکەی 670 هەزار کەسی دیکە لە خەڵکی سووریا ئاوارە بوون.
هەر لە بارەی مەترسی و خراپی دۆخی ناوخۆی سووریا، ئاماژەی داوە، تەقەمەنی و پاشماوەکانی جەنگ هێشتا لە سووریا بەربڵاون و بوونەتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی خەڵکی وڵاتەکە.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاشیگەیاندووە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، 900 کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی، لە نێویاندا 367 کەسیان کوژراون و 542 کەسیش بریندار بوون، کە یەک لەسەر سێی قوربانییەکان منداڵن.
فەرحان حەق دەڵێت: سەرباری کەمیی سەرچاوە و پشتیوانییە داراییەکان، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستاش لە هاوکاریی نزیکەی هەشت ملیۆن سووری بەردەوامە.
هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی داوە، کە نزیکەی 481 هەزار و 730 پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێ گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، هەروەها بەگوێرەی دوایین تۆمارەکانی دەستەی ئەرکی ئاوارەکان، تا ٨ی ئەم مانگە، یەک ملیۆن و 186 هەزار و 147 ئاوارە لە ناوخۆی سووریا گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆنەکەدا هاتووە، لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا، لە شاری تەرتووس هاوکاریی 1683 خێزان، لە لازقییە هاوکاری 2610 خێزان و لە گوندەکانی حەما یارمەتی 97 خێزانیان داوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای هەڵمەتی گەڕاندنەوەی پەنابەران لە 20ی کانوونی دووەمی 2025، هاوکاریی زیاتر لە دوو هەزار پەنابەری سووریان کردووە بۆ ئەوەی لە ئوردنەوە بگەڕێنەوە سووریا.