شارەزایەکی کەشناسی: لەم مانگەدا دوو شەپۆلی دیکەی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەهۆی خۆڵبارینەوە لە کەرکووک 48کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کران و شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت: تاوەکوو سبەی نیوەڕۆ خۆڵبارین بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، محەممەد کەمال، شارەزایی کەشناسی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکوو سبەی نیوەڕۆ شەپۆڵی خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
محەممەد کەمال، گوتیشی: کاریگەری ئەم شەپۆڵە لە باشوور و خۆرئاوای عێراقەوە هاتووە، بەهۆی کەمی باران بارینی ئەمساڵ لەو ناوچانە.
باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت بەهۆی خۆڵبارینەوە، 2 بۆ 3پلەی گەرمی دابەزێت و لەچەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیش تاوە باران بەردەوامی دەبێت.
محەممەد کەمال، ئاماژەی بەوەش کرد، لەم مانگەدا پێشبینی دەکرێت دوو شەپۆڵی دیکەی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ بەهۆی خۆڵبارینەوە، 48کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی کەرکووک کران.