کەشناسی ئێران: لە عێراقەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین بەڕێوەیە

ناوەندی کەشناسیی ئێران هۆشداریی شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە و ڕەشەبایەکی توند و بە خۆڵبارینەوە دەگاتە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بە گوێرەی ئەو پێشبینییەی ناوەندەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی ئایاری 2025، شەپۆلەکە بە ڕێژەی جیاواز، سنووری زیاتر لە 15 پارێزگای باکوور، باکووری ڕۆژئاوا و ناوەندی ئێران دەگرێتەوە، لە بەشێک لە ناوچەکان ئەگەری لێزمە باران هەیە. 

هەروەها ئاماژەی داوە، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی خۆڵبارین لە عێراقەوە هەڵدەکات و سنووری پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ چەند شارێکی دیکەی ئێران دەگرێتەوە.

ناوەندەکە ئاماژەشی داوە، سبەی دووشەممە شەپۆلێکی لێزمەباران و هەورە بروسکە و ڕەشەبایەکی توند و خێرا ناوەندی ئێران و بەشێکی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەگرێتەوە، بەڵام ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، شەپۆلەکە زیاتر ناوەند و باشووری ئێران دەگرێتەوە، کە لە بەشێک لە ناوچەکان تاوە باران دەبێت و هەندێکجاریش هەورە بروسکە.

ناوەندی کەشناسیی  ئێران هۆشداری بە دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان داوە، لە کاتی باران و هەورە بروسکە لە لوتکەی بەرزایی، قەراغی چەم و ڕووبارەکان دوورە پەرێز بن، بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment