چاودێران: لە کوردستان دۆخی کارەبا باشە بەڵام عێراق بێپلانە لە چارەکردنی کێشەی کارەبا

بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەی غاز، عێراق زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات کارەبای لەدەست داوە

بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەی غازی ئێرانییەوە، عێراق سێ هەزار مێگاوات کارەبای لەدەست داوە. چاودێرانی عێراقیش دەڵێن؛ هەرێمی کوردستان گرێبەستی پەرەپێدانی غاز دەکات بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا باشتر بکات، بەڵام عێراق بەردەوامە لە پشبەستن بە وڵاتانی دەوروبەر بۆ دابینکردنی غاز، ئەمەش گەورەترین نیشانەی بێپلانیی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە.

دوو دەیە تێ پەڕیوە، بەڵام هێشتا قەیرانی کارەبا لە عێراقدا یەکێکە لەو قەیرانانەی بەرۆکی خەڵکی بەرنەداوە، ساڵانە ئەم قەیرانە دووبارە دەبێتەوە بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتیی و سەرباری ئەوەی پارەیەکی خەیاڵی لەکەرتی کارەبا خەرج کراوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، قەیرانەکە قوڵتر دەبێتەوە، ئێستا قەیرانی کەمبوونەوەی هاوردەی غازی ئێرانیشی هاتووەتە سەر.

هاووڵاتیەکی عێراقی بە کوردستان24ـی گوت: دۆخمان بەدەست قەیرانی کارەباوە نائاساییە، هەموو هاوینێک بێکارەباییە، زستانان کەمێک باشترە، ئێستا بەرپرسان دێنە سەر شاشە و دەڵێن: کێشەی کەمیی هاوردەی غازی ئێرانمان هەیە. نازانین هۆکارەکە چییە، ئەو هەموو پارەیان خەرج کردووە و نەیانتوانیوە کێشەی کارەبا چارە بکەن.

هاووڵاتیەکی دیکە دەڵێت: 22  ساڵە کارەبا وەکو خۆی وایە و هاووڵاتی هەر بێکارەبایە، ملیاران دۆلاریان خەرج کردووە بەڵام چارەیەکی بنەڕەتیان بۆ نەدۆزراوەتەوە. نازانم ئێمە لە 2025ین یان 2003، ئێستا دەڵێن قەیرانی کەمیی غازمان هەیە و ئەمەریکا دەستوەردان دەکات، من خۆم دەیبینم چۆن غازی عێراق دەسوتێت.

شارەزایانی دۆخەکە دەڵێن: بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەی غازی ئێرانییەوە، عێراق زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات کارەبای لەدەست داوە، دەشڵێن؛ پشتبەستن بە لایەنی ئێرانی بۆ دابینکردنی کارەبا و کەمبوونەوەی غازی ئەو وڵاتە، ئەم هاوینە کێشەی هاووڵاتیان دوو هێندە دەکات، بەتایبەتی لە پارێزگایەکی وەکو زیقار کە پلەی گەرما تیایدا زۆر بەرزە و دەگاتە سەرووی 50 پلە.

عەبدولموحسین حوسێن، چاودێر ڕایگەیاند، هەموو هاوینێک تووڕەیی هاووڵاتیان دەگاتە لوتکە، خەڵک ماڵ و منداڵی هەیە، پیر و نەخۆشیان هەیە، پێویستیان بەکارەبایە، سەیری هەرێمی کوردستان بکە ئەوان گرێبەست ئیمزا دەکەن لەپێناو فراوانکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، هەربۆیە کارەبا لەوێ هەیە، بەڵام گەورەترین کێشەی عێراق بێپلانیە.

لەساڵی 2003ەوە تا ئەمڕۆ، کەرتی کارەبای عێراق هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەردەوامە لە پشت بەستن بە غازی وڵاتانی دەووروبەر، حکوومەتیش هیچ جێگرەوەیەکی بۆ ئەم غازە نییە، ڕەنگە ئەمە سەربکێشێت بۆ دەرئەنجامی خراپ هاوشێوەی خۆپیشاندانی فراوان دژی کەمیی کارەبا.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment