لە یەکەم ڕۆژی جەژن، 223 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی هەولێر و هەڵەبجەیان کرد

هاووڵاتییان ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانیان بەڕێ کرد و لە هەولێر زۆرترین حاڵەت بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆی ماتۆرسیکلەوە تۆمارکراون.لە هەڵەبجەش 90 کەس سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجەیان کردووە.

فەرحان حەمەخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئەمڕۆ هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە بەیانییەوە تاوەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارە زیاتر لە 90 کەس سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجەیان کردووە، لەو ژمارەیە چوار حاڵەت ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارکراون لە سلێمانی.

گوتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە گوتیشی: حاڵەتەکان زۆرینەیان ڕۆژانە دووبارەن و بەشێک لەوانەش بەهۆی ژەهراویبوونەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24، کەوتووە، لە بەرەبەیانەوە تاوەکوو کاتژمێر 10ـی ئەمشەو 133 کەس سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتیی هەولێریان کردووە.

زۆرترین ئەو حاڵاتانەی چوونەتە نەخۆشخانەکە ڕووداوی هاتوچۆی ماتۆرسیکل بوونە، کە نۆ حاڵەتن.

 جگە لەو ڕووداوانە لە دهۆک منداڵێک لە ڕووباردا خنکا.

 
 
Fly Erbil Advertisment