عراقچی: سەڵتەنەتی عوممان وادەی خولی داهاتووی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی وەستاو لە بارەی پرسی ئەتۆمی، سەڵتەنەتی عوممان بەم نزیکانە بەفەرمی وادەی خولی داهاتووی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت."
عراقچی لە بەیاننامەیەکدا کە لە میدیاکانی ئێراندا بڵاو بووەتەوە، ڕوونی کردووەتەوە "مەسقەت بەردەوامە لە ڕۆڵی نێوەندگیری کاریگەر لە نێوان تاران و واشنتن"، جەختی لەوەش کردەوە، خولی داهاتوو لەسەر بنەمای پێشنیازێکی نوێ کە ئێران بەم دواییە لە لایەنی ئەمەریکییەوە وەریگرتووە دەبێت و تاران وەڵامی خۆی بەگوێرەی بنەما نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران ئامادە دەکات.
عراقچی باسی لەوەش کرد، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەردەوامە و سەڵتەنەتی عوممان بەردەوامە لە ڕۆڵی ناوبژیوانی لە ڕێکخستنی قۆناغی داهاتووی گفتوگۆی ئەتۆمی. دەشڵیت: تا ئێستا وادەی خولی داهاتوو دیاری نەکراوە، بە چاوەڕوانی هەماهەنگی عوممان و ئێرانی-ئەمەریکی.
لە لێدوانێکیدا عراقچی گوتی: ئێران خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی نییە، بەڵام بە وردی دەزانێت کێ خاوەنی دەیان سەری ئەتۆمییە! لە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆدا بۆ ئیسرائیل.
گوتیشی: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی ئاشتیخوازانە و لەسەر بنەمای زانستی و ئایینی دامەزراوە و فەتوای ڕێبەری باڵای ئیسلامی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات.
ڕاشیگەیاند "لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا تاران خۆشحاڵە بە "پشتیوانی میسر" و ئاماژەی بەوەدا، هەردوو وڵات هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەیە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.