بۆگەن دانیشتووانی شارەزوور و زەڕایەنی هەراسان کردووە

ڕۆژانە بۆگەنێکی بێزارکەر لە شارەزوور و زەرایەن و دەوروبەری بڵاو دەبێتەوە و هاووڵاتیانی ئەو سنوورەی بەتەواوی هەراسان کردووە، چەندان هاووڵاتی دۆخی تەندرووستیان تێک چووە و لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێن: چەند کارگەیەکمان داوەتە دادگا، بەڵام هێشتا بۆگەنەکە بەردەوامە.
سەفەر ئەوبەری، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم بۆگەنە دووساڵە بەردەوامە و ژیانی هاووڵاتیانی تاڵ کردووە. کاریگەریی ئەم بۆگەن و دووکەڵە بۆ منداڵ و بەتەمەنەکان مەترسیدارە، دوور نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی تووشی شێرپەنجە ببن.
هاووڵاتیەکەی دیکە بەناوی لوقمان ئەحمەد، دەڵێت: بۆگەنێکی هاوشێوەی ترشاو یان گەڕاوە، بۆهەمووان زیانبەخشە بەتایبەت منداڵ و پیرەکان.
سەلمان محەمەد، هاووڵاتی گوتی: ماڵ و منداڵم تووشی چەندان نەخۆشی بوونە و بەردەوام لە نەخۆشخانەین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم بۆگەنەوە.
بورهان عەلی، ئاماژەی بەوەدا، وامان لێ هاتووە بار بکەین و ناوچەکە چۆڵ بکەین، چونکە بڵاوبوونەوەی ئەم بۆگەنە هێندە بێزارمان دەکات، دۆخی تەندرووستیمان تێک دەدات.
ڕزگار غفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور گوتی: دادگا و فەرمانگەی ژینگە و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لەم بۆگەنە پیسە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەوەتا هێشتا بنەبڕ نابێت و هەر بەردەوامە و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لەم بابەتە بە کەمتەرخەم دەزانین، چونکە ئەو کارگانەی کە هۆی بڵاوبوونەی ئەم بۆگەنەن، ڕێکاری ژینگەییان نییە و پابەندی ڕێنماییەکانی ژینگە نابن، بۆیە ئێستا بابەتەکە لە لێکۆڵینەوەدایە و هەر شوێن و کارگەیەک کە بزانین سەرچاوەی بۆگەنەکەیە، دەدرێتە دادگا و پێشتریش هەندێ کارگەمان داخستووە بەڵام هەر سوودی نییە.
نزیکەی 50 کارگە لە سنووری شارۆچکەی شارەزوور و شارەدێی زەڕایەن و عەربەت هەیە، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییە ژینگەییەکان، بوونەتە هۆی مەترسی بۆ سەر تەندرووستی نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتی ئەو سنوورە.