سەدا 40ـی ئەو نەخۆشانەی لە کوردستان چارەسەریی شێرپەنجە وەردەگرن، عێراقین

سەدا 40ـی ئەو نەخۆشانەی لە هەرێمی کوردستان چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجە وەردەگرن، هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو نەخۆشەکان دەکات و دەرمان و چارەسەری پێویستیان بۆ دابین دەکات.

نەبوونی خزمەتگوزاریی و دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سامەڕا، هاروونی تەمەن 15 ساڵی بۆ چارەسەر هێناوەتە هەولێر و  ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە، لە نەخۆشخانەی نانەکەلی، چارەسەری وەردەگرێت. نەخۆشییەکەی سەختە و شێرپەنجەی خوێنی هەیە؛ پزیشکەکان بەردەوام چارەسەری دەکەن.

محەممەد سامەڕایی، باوکی هاڕوون کە لەگەڵ کوڕەکەی هاتووەتە هەولێر، بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند " ئێمە سامەڕاوە هاتووینەتە هەولێر، لە شارەکەی ئێمە چارەسەریی شێرپەنجەی خوێنی لێ نییە. کورەکەمم هێنا بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر ماوەی نۆ مانگ زیاترە لێرە بێبەرانبەر بە بەردەوامی چارەسەری وەردەگرێت و تەندروستیشی بەرەو باشتر چووە. بەڕاستی دکتۆرەکانی ئێرە زۆر باشن. نەخۆشخانەکە زۆر پاکە، خزمەتگوزارییەکان باشن، کەمتەرخەمییان نەکردووە."

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی 1600 نەخۆش بە مەبەستی پشکنین سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلییان کردووە، 800ـیان یەکێک لە جۆرەکانی شێرپەنجەیان هەبووە و چارە کراون. بەشێکیشیان لەژێر چارەسەری پزیشکیدان کە 120ـیان خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن. بەرێوبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی جەخت دەکاتەوە، ئەو دەرمانەی عێراق دەینێرێت بەشی 15 رۆژ ناکات.

د. هەردی جەودەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "بەشێکی دەرمانی نەخۆشخانەکەمان لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام بەشی هەموو پێداویستییەکانمان ناکات، ئەگەر تەنیا پشت بەو دەرمانە ببەستین ناگەینە نیوەی مانگ و بێ دەرمان دەمێنینەوە. لایەنی سەرەکی کە دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی دابین دەکات، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. دەرمانەکە بەبێ جیاوازی بە هەموو نەخۆشخانەکان دەدرێت، ئەوانەی خەڵکی کوردستانن یان شارەکانی دیکەی عێراق." 

لە هەرێمی کوردستان پێنج نەخۆشخانە و سەنتەری چارەسەریی شێرپەنجە هەن و خزمەتگوزارییەکان 24 کاتژمێرین. چارەسەر، مانەوە و دەرمانیش بێ بەرانبەرن. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیش، سەدا 40ـی ئەو نەخۆشانەی لە هەرێمی کوردستان چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجە وەردەگرن، هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment