22 قەڵای سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەن

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار پێگەی مێژوویی تۆمارکراون و 22 قەڵای سەربازیش هەن، کە زۆرترینیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر.
جەمال جەمیل، بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری قەڵا و پێگەی شوێنەواریمان هەیە، ژمارەی ئەو قەڵا سەربازییانەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە تاوەکوو ئیستە ماون و پارێزراون، 22 قەڵان. ژمارەیەکیان بۆ مەبەستی کارگێڕی بەکار هێنراون.
بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە گوتیشی: بەردەوام قەڵای نوێ دەدۆزرێنەوە و ڕووپێویکردنیان بۆ دەکەین، ژمارەیەکیان نۆژەن دەکرێنەوە و ژمارەیەکی دیکەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
جەمال جەمیل، باسی لەوە کرد، زۆرترین ئەو قەڵایانە لە سەردەمی میر محەممەد پاشا، میری سۆران دروست کراون و بۆ مەبەستی سەربازی بەکار هێنراون.
هەندێک لەو قەڵایانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، بریتین لە:
لە هەولێر: قەڵاکانی هەولێر، دووین، خانزاد، دێرێ.
لە سلێمانی: قەڵاکانی سارتکە، زەڵم، سرۆچک،
دهۆک: قەڵاکانی ئاکرێ، ئامێدی، هرۆر، ئەرزێ.
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 6500 پێگەی شوێنەواری تۆمار کراون.

