وه‌زیری به‌رگریی پاكستان: یه‌كڕیزیی جیهانی ئیسلامی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل بووه‌ته‌ پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی

وه‌زیری به‌رگریی پاكستان پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئێران له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ئیسرائیل ڕاده‌گه‌یه‌نێت؛ هاوكات یه‌كڕیزیی جیهانی ئیسلامیی له‌م بارودۆخه‌دا به‌ پێویست ده‌زانێت.

شه‌ممه‌، 14ـی حوزه‌یرانی 2025، خواجه‌ ئاسیف، وه‌زیری به‌رگریی پاكستان له‌ گوته‌یه‌كدا له‌ دانیشتنێكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی وڵاته‌كه‌ی، سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر ئێران كرد، هاوكات پشتیوانیی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئێران دووپات كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانیی له‌ تاران و به‌رژه‌وه‌ندیی ئێرانییه‌كان ده‌كه‌ن.

خواجه‌ ئاسف هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل پەلاماری یه‌مه‌ن، غه‌ززه‌ و ئێرانی دا، یه‌كڕیزیی جیهانی ئیسلامی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل بووه‌ته‌ پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی. 

وه‌زیری به‌رگریی پاكستان، هانی وڵاتانی ئیسلامیشی دا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بپچڕێنن، هاوكات داوای له‌ ڕیكخراوی هاریكاریی ئیسلامی كرد كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ بكات و وڵاتانی ئیسلامیش یه‌ك بگرن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوه‌زه‌یرانی 2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری ڕاپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجیی لەنێو خاکی ئێراندا.

ئیسرائیل، لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی بۆمباران کرد و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای  ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.

 هەر بەگوێرەی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییانەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندان.

 باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ـی دیکە بریندار بوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment