وەزیری دەرەوەی عوممان: سبەینێ دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە ناچێت

وەزیری دەرەوەی عوممان دووپاتی کردەوە، سبەینێ گەڕێکی دیکەی دانوستا، لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، بەڕێوە ناچێت.
شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، بەردر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە میانەی پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاشکرای کرد، بڕیار بوو سبەینێ 15ـی حوەزیران، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایەختی عوممان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانوستانەکان ئەنجام نادرێت.
وەزیری دەرەوەی عوممان، دەڵێت: هەرچەندە دانوستانەکان بەڕێوە ناچێت، بەڵام هەمیشە دەڵێم دیپلۆماسی و دیالۆگ تاکە ڕێگەی ئاشتییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، دانوستان لەگەڵ لایەنێک کە گەورەترین لایەنگر و هاوبەشی ئیسرائیل بێت، هیچ سوودی نابێت.
هەینی، 23ـی ئایاری 2025، گەڕی پێنجەمی دانوستانی ئەمەریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە چوو.
لەو بارەیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە. باسی لەوەش کردبوو، بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکاندا هەبوو.