ئەحمەد هۆشیار: داخرانی ئاسمانی عێراق بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان درێژ کرایەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ڕایگەیاند: داخرانی ئاسمانی عێراق بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان، بۆ جارێکی دیکە درێژ کرایەوە.

یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: تا کاتژمێر 10ـی شەوی دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، داخرانی ئاسمانی عێراق بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان درێژ کرایەوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، باسی لەوە کرد،  ڕۆژانە عێراق بەهۆی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانی، 270 هەزار دۆلار زیان دەکات.

هاوکات گوتیشی: ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی شارستانیی عێراقی، کاتژمێر 10ـی ئەمشەو دووبارە بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بە ڕووی گەشتەکاندا دەچێتەوە.

بە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسمانی وڵاتەکانیان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان داخست، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژی دواتر چەند وڵاتێک ئاسمانیان بە ڕووی گەشتەکان کردەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان جارێکی دیکە وڵاتانی ناوچەکە بڕیارای داخستنی ئاسمانەکانیان دا.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment