تاران.. سبەینێ مەراسیمی بە خاکسپاردنی قوربانییانی هێرشەکانی ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت

فەرماندەی سوپای محەممەد ڕەسوڵڵای سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، سبەینێ شەممە لە ڕێوڕەسمێکی فراوانی ماتەمگێڕاندا تەرمی 60 کوژراوی هێرشەکانی ئیسرائیل لە تاران بە خاک دەسپێردرێن، کە فەرماندە و زانا ئەتۆمییەکان و ژمارەیەک خەڵکی ئاسایی تێدایە.
لیوا حەسەن زادە دەڵێت: ڕێوڕەسمی بەشداری ملیۆنی بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدانی هێرشەکانی ئیسرائیل، سبەی شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، لە گۆڕەپانی ئینقلاب تاوەکوو گۆڕەپانی ئازادی بە پیادەڕەوی دەبێت.
هەروەها ئاماژەی داوە، بەشداریی ملیۆنی لەو ڕێوڕەسمەدا هەر بە تەنیا دەرخەری ڕێزگرتن لە گیانی قوربانییەکان نییە، بەڵکو دەرخەری وەفایە بۆ گیانی قوربانییەکان و جەختکردنەوەیە لەسەر بەڵێنی ڕاستگۆیی بەرانبەر بە دوژمنانی ئێران.
لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران، داوای بەشداریی فراوانی جەماوەر دەکات، لەو ڕێوڕەسمەی کە بڕیارە سبەی بۆ بە خاکسپاردنی تەرمی کوژراوەکانی 12 ڕۆژەی جەنگ بەڕێوە بچێت.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێری هەشتی بەیانی بە کاتی تاران دەست پێ دەکات.
سوپای ئیسرائیل بەرە بەیانی هەینی 13ی ئەم مانگە بە دەیان فڕۆکەی جەنگی دەیان شاری ئێرانی بۆمباران کرد و ئێرانی پەلکێشی نێو جەنگێکی 12 ڕۆژە کرد، کە بە گوێرەی دوا ئاماری ناوەندی باڵای قەیرانەکانی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکوو ئیستا 627 کەس لە ئێران کوژراون و 4935 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە نێویاندا فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی هەن.