ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕێککەوتنێکی دۆستایەتی لەگەڵ شاری مۆرهێد واژۆ دەکات

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت:ڕێککەوتنێکی دۆستایەتی لەگەڵ شاری مۆرهێد لە ویلایەتی مێنیسۆتا لەبوارەکانی کشتوکاڵ و خوێندن و کوڵتور واژۆدەکەن.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی تەمووزی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی ساڵیکە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەین، ئەمڕۆ ڕێککەوتنێک لەگەڵ شاری مۆرهێد لە ویلایەتی مێنیسۆتا واژۆ دەکەین، لە چەند کەرتی جیاواز پێکهاتووە، کەرتی کشتوکاڵ، کوڵتوری، خوێندن، هەربۆیە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویە بۆ ئێمە.
گوهدار شێخۆ، گوتی: ئەم ڕێککەوتنە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز نابێت، بەڵکوو بە کرداری دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکیان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەن.
لەلای خۆیەوە، تیم داون، سەرۆکی زانکۆی مۆرهێد لە ویلایەتی مێنیسۆتا ، ڕایگەیاند: لەگەڵ زانکۆی زاخۆ بەهاوبەشی کاردەکەین، توانامان هەیە ئاستی زانستی زانکۆی زاخۆ بەرزبکەینەوە.
لەلای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ڕایگەیاند: پێشوازی لە ڕێککەوتنی دۆستایەتی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و مۆرهێد دەکەین و ئەم ڕێککەوتنە هاوکارە بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان.
هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنێکی دۆستانە لەنێوان ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شاری مۆرهێد لە ویلایەتی مێنیسۆتا واژۆدەکرێت و هەروەها لە کۆبوونەوەی نێوان گوهدار شێخۆ و ڕۆب کۆپێک، سیناتۆری ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی مێنسیۆتا ، سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی زاخۆ دەربڕیوە.