لە شەش مانگی ئەمساڵ نۆ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە هەولێر بوونەتە قوربانی

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر نزیکەی هەزار مینی دژە کەسی و دوو مینی دژە تانکی و 22 هەزار و 760 پاشماوەی جەنگی لەناوبراون، 399 هەزار و 424 مەتر دووجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەمووزی 2025، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سنووری پارێزگای هەولێر لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، بەهۆی مینەوە، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش بریندار بوونە، لەگەڵ ئەمەش کارەکانمان بۆ لەناوبردنی مین و تەقەمەنییەکان بەردەوام بووە، 962 مینی دژە کەسی و دوو مینی دژە تانکی و 22 هەزار و 760 پاشماوەی جەنگی لەناوبراون.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین هەولێر، گوتیشی: بۆمبێکی چێنراو لەناوبراوە و چوار کێلگەمین پاککراونەتەوە، کۆی گشتیی ڕووبەری زەوی پاککراوە لەمین 399 هەزار و 424 مەتر دووجا بووە.
عەلی عەبدولڕەحمان ئاماژە بەوە دا، تیمەکانیان بەردەوام بە ڕێگەی جیاواز لەنێو خەڵک و هاووڵاتییانن بۆ هوشیارکردنەوەیان، بەجۆرێک تیمەکانی هوشیارکردنەوە سەردانی 59 گوندیان کردووە، چوار هەزار و 336 پیاو و ئافرەت و منداڵ سوودمەندبوونە، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی هەزاران پەیام و ئاگا نامەی تایبەت بە مەترسییەکانی مین و ناسینەوەی ئەو شوێنانەی مین و تەقەمەنییان لێیە.
لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بەهۆی تەقینەوەی مین حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.