لە هەولێر دوو ناوچەی شوێنەواری تەمەنیان بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

لە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر کنە و پشکنین لە پێگەیەکی شوێنەواری بە کۆتاهات و دوای چەند ڕۆژێکی دیکە پێگەیەکی دیکەش تەواو دەبێت، کە مێژووییان بۆ چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

نادر بابکر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەمووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەڵکۆڵین لە پێگەیەکی شوێنەواری لە هەولێر بە کۆتاهات و پێگەیەکی دیکەش کنە و پشکنین تێیدا لە قۆناغی کۆتایداییە.

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە پێگەکان لە گوندی یەدی قزلەرە، مێژوویەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و شارێکی گەورە بووە، چەندین شوورەی گەورەی تێدا دۆزراوەتەوە، شوێنەکە ئێستا زەوی جوتیارانە و گەنمی لێ دەچێندرێت، لەلایەن زانکۆکانی سێنتڕاڵ فلۆریدە و جۆن هاپکنگ بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کنە و پشکنینی بۆ کرا.

نادر بابکر، باسی لەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کنە و پشکنین لە پێگەی دووەم بە کۆتا دێت کە گرد مەترابی پێدەگوترێت، مێژوویەکەی بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2013 لەلایەن زانکۆی براین ماوەر بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوری هەولێر کنە و پشکنینی بۆ دەکرێت.

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر دەشڵێت: ڕووبەری زەویەکە 37 دۆنم زەوی دەبێت و وەکو پێگەیەکی شوێنەواری تۆمارکراوە، هەردوو شوێنەکە دەکەونە سنووری شارەدێی شەمامک لە پارێزگای هەولێر.

پێشووتریش لە هەردوو پێگە شوێنەوارییەکە چەندین گۆزەی تایبەت دۆزراونەتەوە و هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری هەولێر هەزار و 200 پێگەی شوێنەواری تۆمارکراون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment