ژمارهیهك پڕۆژه له رێگهی وهبهرهێنانهوه ئەنجامدەدرێن
پڕۆژهی ناوچهی پیشهسازی له ههولێر جێبهجێ دهكرێت

K24 – ھەولێر:
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان رایگەیاند، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ھەن و دەیانەوێت لە رێگای وەبەرھێنانەوە ئەنجامی بدهن. پڕۆژەكان گشتگیرن و كاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر پێشخستنی سێكتەرە جیاوازەكانی پیشەسازى، ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ، گرنگترینشیان ناوچەی پیشەسازی مۆدێرنە.
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان گوتی: یەك لەو پڕۆژانە درووستكردنی ناوچەی پیشەسازی مۆدێرنە و ئێستا لە دھۆك چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. مانگی داھاتووش پرۆژەكە لە ھەولێر جێبەجێدەكرێت. بۆ پارێزگاكانی دیكەش خەریكی دابینكردنی زەوین بۆ ئەوەی لەو شوێنانەش ناوچەی پیشەسازی مۆدێرن درووستبكەن.
جگە له ناوچەی پیشەسازی مۆدێرن، ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی گرنگ ھەن، لەرێگای وەبەرھێنانەوە ئەنجامدەدرێن، وەك درووستكردنی بەنداو و رێگاوبانەكان كە لە داھاتوودا دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت.
لیزا فەلەكەددین كاكەیی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان گوتی: حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەیەوێت لەپاڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا ھەلی كاریش بڕەخسێنێت.
پڕۆژەیەكی دیكەی ستراتیژی، ئێستا كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەویش بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانە لە رێگای كەرتی تایبەتەوە. ئەمەش دوای رێككەوتنی وەزارەتی كشتوكاڵ ھات لەگەڵ سێ كۆمپانیا بۆ ئەوەی لە ساڵی داھاتوودا گەنمی جووتیاران بكڕنەوە.