لە نەجەف گۆڕستانێکی مێژوویی کریستییانەکان دەکرێتە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون

لە نەجەف بەرپرسان چاویان بڕیوەتە گۆڕستانێکی مێژوویی کریستییانەکان و دەیانەوێت بیکەنە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون؛ ئەمەش کریستیانییەکانی پارێزگاکەی نیگەران کردووە. 

گۆڕستانی "ئوم خەشم" کە یەکێکە لە کۆنترین گۆڕستانی کریستیانەکانی عێراق و دەکەوێتە سنووری ناحیەی "مەنازیرە"ـی باشووری پارێزگای نەجەف، ، هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە؛ چونکە بەرپرسانی پارێزگاکە دەیانەوێت بیکەنە شاری نیشتەجێبوون. مێژووی گۆڕستانەکە بۆ سەدەی چواری زایینی دەگەڕێتەوە و بە سیمبۆلی مێژووی نەجەف دادەنرێت.

عەقیل فەتلاوی، ئەندامی لیژنەی شوێنەواریی لە پەرلەمانی عێراق، بە سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: گۆڕستانی (ئوم خەشم) یەکێکە لە کۆنترین گۆڕستانەکان نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەمەنی ئەم گۆڕستانە زیاتر لە هەزار و 800 ساڵە. بەشێکی زۆری گۆڕەکانی ناناسرێنەوە، بەشێکی دیکەشیان بەهۆی کارەساتە سروشتیەکانەوە، لەناوچوون. ئێستا نووسراوێک لە دەستەی وەبەرهێنانەوە هاتووە کە دەیانەوێت بیکەنە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستەی شوێنەوار؛ ئەمەش مایەی قبووڵکردن نییە."

ڕووبەری گۆڕستانە مێژوییەکە نزیکەی هەزار و 400 دۆنمە؛ گۆڕی چەندان پاتریارکی گەورەی کاسۆلیکی لێیە کە بەشێکیان گەورەزانای کریستیانی سەردەمی خۆیان بوون. بە گوتەی پسپۆڕانی شوێنەواری، کردنی گۆڕستانەکە بە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون، مەترسییەکی گەورەیە بۆ لەناوبردنی مێژووی چەندان سەدەی عێراق.

حەیدەر جەنابی، پسپۆڕی شوێنەواری بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەوە گۆڕستانێکی زۆر گرنگە، چەندان خاچ و سیمبۆلی کریستیانەکانی تێدایە، ئەمانەش بەڵگەن لەسەر مێژووی کریستیانەکان لەم وڵاتە. گۆڕستانەکە چیڕۆکی شارستانیەتی عێراق دەگێڕێتەوە، شارستانییەتێکی دوورودرێژ. هەروەها ئاماژەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە عێراق، هەندێک لە گۆڕەکان هی سەردەمی پێش ئیسلامن، هەندێکیان هی سەردەمی ساسانییەکانن."

پسپۆڕان و نوێنەرانی کریستییانەکان داوادەکەن، حکوومەت گۆڕستانەکە وەکو شوێنێکی مێژووی بناسێنێت بۆ پاراستنی لە هەرجۆرە دەستوەردانێک. دەشڵێن، جێگەیەکی مێژووی وەها گرنگ دەکرێت وەبەرهێنانی تێدابکرێت و وەک شوێنەوارێکی لێ بکرێت کە خەڵک بتوانن سەردانی بکات، ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ عێراق بەتایبەت لەم کاتەدا کە قسە لەسەر نەخشاندنی داهاتووی عێراق بەبێ نەوت دەکرێت.

هەر لەوبارەوە، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق، داوای لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە، پارێزگاریی لەو گۆڕستانە مێژووییەی کریستییانەکە لە پاریزگای نەجەف بکات و دووپاتیشی کردەوە، نابێت هیچ ڕەزامەندییەک بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی تایبەت بدرێت کە ئەو شوێنەوارانە بە تەواوی بسڕێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment