لە هەڵەبجە زیاتر لە 25 هەزار هاوبەش لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبن
تیمەكانی پڕۆژەی ڕووناکی ماوەی پێنج ڕۆژە لە ھەڵەبجەن و كاردەكەن، بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوی سەنتەری ھەڵەبجە كارەبای 24 كاتژمێری پێ بگات، بە گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناكیش تەنیا لە ھەڵەبجە نزیكەی 60 مۆلیدە دەكوژێندرێنەوە.
تیمێكی پرۆژەی ڕووناکی كارەبای 24 كاتژمێری، چەند ڕۆژێکە گەیشتونەتە هەڵەبجە بە وردی كار لەسەر وێستگە و بگۆڕەكانی كارەبا دەكەن، بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوی سەنتەری پارێزگای ھەڵەبجە كارەبای 24 كاتژمێری بۆ دابین بكرێت.
ھاووڵاتییان خۆشحاڵن و پێشوازی لە پڕۆژەی ڕووناكی دەكەن، لەوبارەوە، شاد حەمە ئەمین، دانیشتووی ھەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆژەی ڕووناکی بۆ هەڵەبجە گرنگ و پێویستە، بەتەواوی پێشوازی لێدەکەین و سوپاسی کابینەی نۆ دەکەین و هیوادارین بەزوترین کات پرۆژەکە تەواو بکرێت.
بە گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناكی بۆ ھەڵەبجە نزیكەی 60 مۆلیدە دەكوژێندرێتەوە، بەرپرسانی كارەبای شارەكەش لەگەڵ تیمی پڕۆژەی ڕووناكی بە رژدی كاردەكەن بۆ ئەوەی بەزوترین كات كارەبای24 كاتژی بگاتە ھەڵەبجە.
کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەڵەبجە گوتی: لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە، 25 هەزار و 600 هاوبەشی کارەبا لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد، لەناو سەنتەری هەڵەبجە 55 مۆلیدەمان هەیە، بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە ئەو مۆلیدانە هەموویان دەکوژێنەوە، ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر ژینگە و ژاوەژاو دەبێت،
پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبایەکی بەردەوام، مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بەگوێرەی بەکارهێنان دیاری دەکرێت و بەشێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی ژینگەی گەڕەک و شارەکان.
پرۆژەی ڕووناکی تا کۆتایی ساڵی 2026 دەگاتە هەموو ماڵێکی کوردستان و تائێستا دوو هەزار مۆلیدە کوژاوەتەوە و بریارە پێنج هەزاری دیکە بکوژێتەوە، پرۆژەکە دۆستی ژینگە و گریفانی هاووڵاتیانە و بەتەواو بوونی گرفتی کارەبا چارەسەر دەکات.