گوتەبێژی دەستەی ژینگە: پرۆژەی ڕووناکی هەوای هەرێمی کوردستانی پاک کردووەتەوە

بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24، زیاتر لە دوو هەزار موەلیدەی ئەهلی لە ناوەندی شارەکانی هەرێمی کوردستان کوژاندراوەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پاکبوونەوەی بەرگە هەوای هەرچوار گەورە شارەکە کردووە و بە ڕێژەی %30ـی گازە زیانبەخشەکان کەم کردووەتەوە.
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەممووزی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان ـی24 ڕاگەیاند، بە بەراورد بە کاتی پێش جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی و کوژانەوەی موەلیدەی گەڕەک و بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکان، ژینگەی هەرێمی کوردستان پاکبووەتەوە و ئێستا دەردانی گازی زیانبەخشەکان بە ڕێژەی %30ـی لە هەوا دا کەمیکردووە.
گوتیشی: کەمبوونەوەی گازە زیانبەخشەکان لە ماوەیەکی وەها کورت و پێوانەیی دا، ڕێژەیەکی بەرزە، هەربۆیە پێشبینی دەکەم لە دوو ساڵی داهاتوودا کەشوهەوا تەواو بەرەو باشتر بچێت.
سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت: پاکبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کارە پێشینەکانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانییە، بۆیە بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی شوێنە گشتی و پاڵاوگەکان و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکەین، ئێستا هیچ پرۆژەیەک یاخود شوێنێکی گشتی وەک، ڕێستۆرانت و کافتریا، مۆڵەتیان پێنادرێت ئەگەر سەرەتا مۆڵەت لە دەستەی ژینگە وەرنەگرن.
پرۆژەی ڕووناکی، یەکێکە پڕۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و کوژانەوەی موەلیدەکان، کە تاوەکوو ئێستا بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی، 90 هەزار موڵکی بازرگانی لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوون.
هەروەها زیاتر لە 2107 موەلیدەی گەڕەکەکان کوژێندراونەتەوە و لە پلاندایە تا کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکوژێندرێتەوە و کارەبای تەواوی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکانیش بکرێتە 24 کاتژمێری.