عێراق.. هۆشداری لە وشکەساڵی و توندتربوونی قەیرانی ئاو دەدرێت

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداری لە وشکەساڵی و توندتربوونی قەیرانی ئاو دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات، تورکیا پابەندی ڕێککەوتنی بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات نییە. 

ساڵ لە دوای ساڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا و کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین، زیاتر لەسەر عێراق دەردەکەون؛ جیا لەمەش دەسەڵاتدارانی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکەن، تورکیا کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و نواندنی پابەندی  بە بەردانەوەی بەشە ئاوی وڵاتەکە لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات.

 لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ئاستی باڵا بەرپرسانی عێراق سەردانی تورکیایان کردووە و سەرەڕای ڕێککەوتن، بەڵام نەیانتوانیوە تێنویەتی خاکی 12 پارێزگا بشکێنن و مەترسی و لێکەوتەکانی وشکبونی خاک و کۆچی ژینگەیی کەم بکەنەوە.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی کەمی یەدەگی ئاو بە جۆرێک ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووینەتەوە کە لە 92 ساڵی ڕابردوو وێنەی نەبووە، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمی بارانبارین و کەمکردنەوەی بەردانەوەی بەشە ئاو لەلایەن تورکیا بۆ ڕێژەی 5%. بەگوێرەی زانیاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، ئێستا ئاستی کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکان بۆ ڕێژەی 8%دابەزیوە، واتە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 57%کەمیکردووە. وەک وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژەیکردووە، بەپابەندکردنی تورکیا بە ڕێککەوتنەکان و بە عەقڵانیکردنی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و شارەوانی، قەیرانەکە کەم دەبێتەوە، جگە لە لادانی دەستدرێژییەکانی سەر ژینگە.

بەم دواییانە عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ مانگەکانی تەمموزو ئاب کراوە، دەبوو تورکیا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەربداتەوە، بەڵام قەبارەکە تەنیا 353 مەترە لە چرکەیەکدا لەکاتێکدا پێویستی خواستی ڕاستەقینە بۆ هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات 600 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا. 

سائیر موخیف، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، ئەو بانگەشانەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە کردوویەتی تەنیا لێدوانی میدیایین و تورکیا پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت.

پەرلەمانتارەکەش داوا دەکات ئەم پرسە لە ڕێگەی دەزگا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر  بکرێت، ڕێگەنەدرێت بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێندرێت. چاودێرانی سیاسی ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق دەگرن و پێیان وایە، سوودی پڕۆژەی گەشەپێدان بۆ تورکیا لە بەرامبەر بەردانەوەی ئاو بۆ مانگەکانی تەمموزو ئاب ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، لەکاردانەوەکانیشدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا؛ چاودێران دەڵێن، تورکیا مەبەستیەتی لەگرێبەستی نوێیدا مامەڵە بە پرسی ئاو بەرامبەر دەسکەوتی زیاتری نەوتی بکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment