ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر سوودی بۆ پارک و باخچەکان هەیە

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەوەی پارک و باخچەکان وشک نەبن لە وەرزی هاویندا بە تانکەر ئاودەدرێن و هاوکات ئەمساڵ چەند پارکێکی دیکە دەکرێتەوە.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: کردنەوەی پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرای هەولێر تەنیا سوودی بۆ ماڵان نابێت، بەڵکوو سوود بە پارک و باخچەکانیش دەگەیەنێت، دوای ماوەیەکی دیکە ئەم کاریگەرییە بە دەردەکەوێت.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتیشی: لە کاتی داخستنی ژمارەیەکی زۆری بیرەکان ئاوی ژێر زەوی زیاد دەبێت و ڕێژەیی شێ بەرزدەبێتەوە و ئەمەش سوودی بۆ پارک و باخچەکان دەبێت، سەرەرای ئەوەش ئەو بیرانەی بۆ ئاوی ماڵان سوودی لێ وەرناگیرێت، چەند بیرێکی کەمتر بۆ ئاودانی دار و باخچەکان بەکاردێنین.
ڕێبین ئەحمەد باس لەوە دەکات، لە وەرزی هاویندا ژمارەیەکی زۆری تانکەری ئاو بۆ ئاودانی دار و باخچەکان بەکاردێنین.
لە هەولێر 668 پارک و باخچە و نافوورە هەن، 20 لەوانە پارکی گەورەن و بڕیار وایە ئەمساڵ چەند پارکێکی دیکە بکرێنەوە و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ڕێژەیی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ 20٪ زیادیکردووە.