ڕەجەب زوبێر: کێشەی کەمی کارەبای سۆران چارە کرا

قایمقامی قەزای ناوەندیی سۆران دەڵێت: بە ڕاسپادەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، گرفتی کەمی کارەبا لە سۆران چارە کرا.

هەینی 1ـی ئابی 2025، ڕەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای  ناوەندیی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە ڕاسپادەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی. وەزارەتی کارەبای هەرێم بڕی 80 مێگا وات کارەبامان بۆ دابین دەکات، کە دەکاتە نزیکەی 15 بۆ 16 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی.

باسی لەوەش کرد، نزیکەی 8 کاتژمێر کارەباش لە ڕێگەی موەلیدەوە دابین دەکرێت، ئەمەش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە پرۆژەی ڕووناکی دەگاتە قەزای سۆران.

گوتیشی: هەوڵ دەدەین تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، پرۆژەی ڕووناکی بگاتە قەزای سۆران و هەموو ماڵێک ڕووناک بکاتەوە.

31ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتە زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاوڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی.

 ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لە پاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان.

 لە شاری هەولێر یەک ملیۆن و 458 هەزار کەس کە دەگاتە 380 هەزار هاوبەش لە پڕۆژەکە بەشداربوون، لە سلێمانیش 975 هەزار هاووڵاتی و لە دهۆک 288 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەکە سوودمەند بوون کە بە کۆی گشتی دەگاتە 716 هەزار هاوبەش لە پەۆژەی ڕووناکی.

هەروەها، زیاتر لە دوو هەزار و 517 مولیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدە بکوژێنێتەوە. 

 
Fly Erbil Advertisment