بابل.. ئاوی ڕووباری بەنداوی بەدعا وشک بووە

ئاوی ڕووباری بەنداوی بەدعا دوای نزیكەی 100 ساڵ وشك دەبێـت و كاریگەریی خراپی لەسەر داهاتووی ئاو دروست كردووە و هاووڵاتییانی ناوچەكەش داوا لە سەرۆك وەزیران و حكوومەت دەكەن شاری شەترە و ناوچەكانی لە وشكبوون رزگار بكەن، چونكە چەندین شارەدێ و گوند لەسەر ئەو بەنداوەن.

نزیكەی 100 ساڵە ئاو لە بەنداوی بەدعه ڕانەوستاوە، تەنیا بەیانییەك نەبێت خەڵكی شاری شەترە بەخەمباری دیمەنی وشكبوونی ڕووباری بەنداوەكیان بینی، ئەمە بۆیەكەمجار لەدوای دروستبوونیەوە بوو، ئەم ڕووداوە نیگەرانی بۆ داهاتووی ئاو دروستكردووە.

سائر هادی، چالاكوان مەدەنی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە لە بەنداوی بەدعەین و وشكبوونی بەنداوەكە بەچاوی خۆتان دەبینین، ئەم داواكارییە بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری سەرچاوەكانی ئاو و لایەنە پەیوەندارەكان و پەرلەمانتارانە، بۆ ئەوەی شەترە و ناوچەكانی لە وشكبوون ڕزگار بكەن، چونكە چەندین شارەدێ و گوند لەسەر ئەو بەنداوەن.

حەیدەر غەتغواتی، هاووڵاتی گوتی: ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، كاریگەریی لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و تەواوی كەرتەكان دەبێت، چونكە ئێرە شوێنێكی گەشتیارییە، بەڵام ئێستا ئەو كەرتە بەو وشكبوونە كۆتایی پێهات.

ئاستی ئاوی ڕووبارەكە بەشێوەیەكی مەترسیدار دابەزیوە، ڕێڕەوەكانی بەتەواوی وشكبوون، ئەمەش مەترسییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر پڕۆژە گەورەكانی ئاو دروست دەكات كە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی پارێزگاكە بەكار دێن

محەمەد سالم شارەزا لە كاروباری ژینگە دەڵێت: مەترسی وشكبوون، زەنگی ئاگاداركردنەوەی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و تەندروستیان و سەرچاوەی بژێوییان، هەروەها كاریگەریی خراپی لەسەر سامانی ئاژەڵی و ژینگە و  كشتوكاڵ دەبێت، داوا لە حكوومەت دەكەین گوشار لە وڵاتانی دراوسێ بكات بۆ بەردانەوەی زیاتر ئاو و دابەشكردنی بەشێوەیەكی یەكسان لەنێوان پارێزگاكان.

بەنداوی بەدعە تاكە دەروازەی گەشتیاری بوو بۆ دانیشتوانی شەترە، كە هاوین بۆ هەڵاتن لەپلەی گەرما و نەبوونی كارەبا  بۆ مەلەوانیكردن بەكاریان دەهێنا، بەڵام ئەم دیمەنەكە گۆڕا دوای ئەوەی بەنداوەكان بووە حەوزێكی وشك.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment