پارکێک لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر چوارگۆشە لە هەولێر کرایەوە

لە شاری هەولێر پارکی یەکتربڕی 120 مەتری کرایەوە، وەزیری شارەوانیش ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 10هەزار دار و 22 هەزار گوڵی تێدایە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کردنەوەی ئەم پارکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتەوە بودجەی بۆ تەرخانکراوە، ئەم پارکە لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، لە یەکتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ ، لەگەڵ شەقامی 120 مەتری.

وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار گوتیشی: لە نێو ئەم پارکە دا، زیاتر لە 10 هەزار دار و 22 هەزار گوڵی تێدایە، لەگەڵ دوو بیری ئاو و دوو کۆگای تێدایە و هەروەها  ئاڵای کوردستان بە بەرزی ئالا 50 مەتر، ڕووبەری 4 هەزار و 12 مەترە بۆ یەکەمجارە بەمشێوەیە دیزانین بکرێت، ئەمە جگە لەوەی جوانییەکەی بێ وێنە بە شوێنەکە دەبەخشێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی لە مووسڵەوە دێنە هەولێر یان ئەوانەی بە فڕۆکە گەشت دەکەن یان دەگەڕێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

ساسان عەونی ئاماژەیدا، کاری جیددی دەکەن بۆ ئەوەی ڕێژەیی سەوزایی لە سەرجەم شارەکان زیاد بکەن، بەتایبەتی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند، جگە لەم پارکە بڕیاروایە پشتێنەی سەوزایی لە دەورووبەری هەولێر دروست بکەن و ئەمساڵیش چەند پارکێکی دیکە بکەنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment