عراقچی: نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ناتوانن سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان بکەن

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئامانج لە سەردانی نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران، تەنیا بۆ دانانی میکانیزمێکی نوێی کارکردنی نێوانمانە، نەک سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەن، بەڵکو هیچ مۆڵەتێکیشیان لەو بارەیەوە پێ نادرێت.
چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران، گوتی: تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، لەگەڵ ئەمەریکادا نەکراوە، بەڵام ئاڵوگۆڕکردنی پەیام لە نێوانمان بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لەوە کرد، کات و بابەتی دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا، بە تەواوی پەیوەستە بەوەی کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران چییان دەوێت، هەروەها بۆ بەرژوەندیی گەلی خۆمان ئامادەین هەر کاتێک بێت پەنا بۆ ڕێگەی دیپلۆماسی ببەین.
لە بارەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە، عراقچی، ڕایگەیاند: بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و نوێنەرانی ئاژانسەکە کراوە، بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکەن، بۆ تاوتوێکردنی دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانمان.
ڕوونیشی کردەوە، ئامانج لە سەردانی نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران، بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان نییە و هیچ مۆڵەتێکیشیان لەو بارەیەوە پێ نادرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران، دەشڵێت: ئەگەر هەر ڕێكکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکرێت، ئەوا هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوانمان لەسەر بنەمای چوارچێوەی ڕێککەوتنە نوێیەکە دەست پێدەکات.