جومانە غەلای: هیچ نییەتێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: ژمارەیەک وێستگەی دیکە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بۆ مەبەستی دەنگدانی تایبەت دەکەینەوە. گوتیشی: سبەینێ هەڵبژاردنی ئەزموونیی لە عێراق بەڕێوە دەچێت.

شەممە 9ـی ئابی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: هیچ نییەتێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، هەروەها ئامادەکارییەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچن، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دیاریکراوی خۆیدا کە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵە، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، باسی لەوە کرد، هەر كاندیدێك، پارتێک یان هاوپەیمانێتییەکی سیاسی، بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بانگەشە دەست پێبكات،  لە هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە.

سەبارەت بە ژمارە 56، غەلای ڕایگەیاند: لەسەر داوای کۆمیسیۆن ئەو ژمارەیە بە هیچ کاندید و پارتێکی سیاسی نەدراوە.

دەشڵێت: ژمارەیەک وێستەگی دیکە دەکەینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق بۆ مەبەستی دەنگدانی تایبەت، چونکە دەبێت لە هەموو پارێزگایەک وێستگەیەک بۆ دەنگدانی تایبەت هەبێت.

لە بارەی هەڵبژاردنی ئەزموونییەوە، جومانە غەلای، ئاشکرای کرد: سبەینێ هەڵبژاردنی ئەزموونیی لە عێراق بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی لە ئامێرەكان و دەرچوونی ئەنجامەكان دڵنیا ببینەوە.

ڕۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت. هەروەها چاوەڕێ دەکرێت کۆمیسیۆن، بەم نزیکانە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریی بکات .

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment