خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانتان باش دابخەن، ئەمڕۆ و بەیانی خۆڵبارین بەردەوامە و ئەگەری هەیە کار لە تەندروستی کەسانی بەتەمەن بکات.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی خۆڵبارین، گوتیشی: سەرچاوەی ئەم خۆڵبارینە دەگەڕێتەوە بۆ باشووری ڕۆژئاوای مووسڵ و ناوچەکانی جەزیرە، هاوکات ئاراستەی با هۆکاربووە ئەم خۆڵبارینە ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
فازڵ ئیبراهیم گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە، 12-8-2025، ئاسمان ساماڵ بێت لەگەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی خۆڵبارین، هەروەها پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی کەشناسیی هەرێم، کەشی سبەی چوارشەممە، 13ـی ئاب، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ کەمێک نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر43 پلەى سیلیزى
سلێمانی 41 پلەى سیلیزى
دهۆک 43 پلەى سیلیزى
کەرکووک 45 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە 43 پلەى سیلیزى
زاخۆ 43 پلەى سیلیزى
سۆران 41 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران 32 پلەى سیلیزى
گەرمیان 45 پلەى سیلیزى