لە گوندێکی گەرمیان جۆرێکی دەگمەنی تەماتە بەرهەم دەهێنرێت؛ "150 ساڵە تۆوەکەیمان پاراستووە"
جووتیارانی گوندی فەقێ مستەفا زیاتر لە سەدە و نیوێکە پارێزگاری لە تۆوی تەماتەیەکی تایبەت دەکەن.
لە گوندی 'فەقێ مستەفا'ـی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، جووتیاران زیاتر لە 150 ساڵە بەشێوەیەکی بنەماڵەیی سەرقاڵی کشتوکاڵکردنن و بە تایبەتیش گرنگی بە بەرهەمهێنانی جۆرێکی دەگمەنی تەماتە دەدەن کە بەرهەمی خاکی بەپیت و ئاوی تایبەتی ناوچەکەیانە.
دانیشتووانی ئەم گوندە کە پیشەی کشتوکاڵکردنیان لە باب و باپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە، باس لەوە دەکەن کە چەندین جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی دەچێنن، بەڵام تەماتەکەیان ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و خواستی زۆری لەسەرە. یەکێک لە جووتیارەکان دەڵێت: "ئەم کارەمان لە باو و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە. تەماتەکەی ئێمە نایابە و خواستێکی زۆری لەسەرە."
تایبەتمەندی ئەم تەماتەیە دەگەڕێتەوە بۆ خاکە بەپیتەکەی و ئاوە سوێرەکەی ناوچەکە، کە تام و چێژێکی جیاوازی پێبەخشیوە. جووتیارانی گوندەکە توانیویانە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدە و نیوێک پارێزگاری لە تۆوی ئەم تەماتە تایبەتە بکەن. جووتیارێک دەڵێت: "ئەم تەماتەیە 150 ساڵە تۆوەکەیمان پاراستووە. خاکەکە و ئاوەکەش تایبەتمەندییەکی جیاوازی پێدەبەخشن."
سەرەڕای ئەوەی کە نرخی تەماتە لە بازاڕەکاندا هەندێکجار دادەبەزێت، بەڵام تەماتەی فەقێ مستەفا بەهۆی تایبەتمەندییەکەیەوە نرخێکی بەرزی هەیە. یەکێک لە جووتیارەکان ئاماژەی بەوەدا کە تەنانەت ئەگەر نرخی تەماتەی ئاسایی لە بازاڕدا 150 دیناریش بێت، تەماتەکەی ئەوان بەلایەنی کەمەوە بە هەزار دینار دەفرۆشرێت.
ئەو جووتیارە بە متمانەوە دەڵێت: "تەحەدای هەموو کوردستان و عێراق دەکەم، جگە لەم خاک و ئاوەی ئێمە، کەس ناتوانێت ئەم جۆرە تەماتەیە بەرهەم بهێنێت."
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتری بە بەرهەمی خۆماڵی داوە، ئەمەش بووەتە هاندەرێک بۆ جووتیارانی ئەم گوندە و ناوچەکانی دیکە تا بەردەوام بن لەسەر کاری کشتوکاڵی و دابینکردنی بژێوی ژیانیان. سەرەڕای گرانیی نرخی بەرهەمەکانیان بە بەراورد بە بەرهەمی هاوردەکراو و بەرهەمی ناوچەکانی دیکە، بەڵام بەهۆی خواستە زۆرەکەیەوە، جووتیارانی گوندی فەقێ مستەفا هیچ کات سڵ لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان ناکەنەوە.