گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانییانی دەستی داعش لە نەینەوا هەڵدەدرێتەوە

سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق ڕایگەیاند: دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، دەستیان کردووە بە هەڵدانەوەی گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵ لە چاڵی خەسفە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا، کە ڕووفاتی هەزاران قوربانی دەستی داعشی تێدایە.
یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق، تایبەت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: قۆناغی یەکەمی هەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکە لە 10ـی ئابی ئەم ساڵەوە دەستی پێکردووە.
خەسفە، چاڵێکی جیۆلۆجی قووڵە و قووڵییەکەی دەگاتە 150 مەتر و تیرکەشی 110 مەتر دەبێت، دەکەوێتە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری مووسڵ، یەکێکە لە گەورەترین ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە داعش بە کاری هێنا بۆ شاردنەوەی تەرمی قوربانییەکان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی مووسڵ، لە نێوان حوزەیرانی 2014 و تەمموزی 2017.
ئەسەدی ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا ژمارەی تەواوی قوربانییان لەم گۆڕە بە کۆمەڵە نەزانراوە، بەڵام پێشتر بەرپرسانی بوارەکە، مەزەندەیان کردبوو، ژمارەکە لە نێوان چوار تا 15 هەزار قوربانی بێت.
باسی لەوەش کرد، لە نێو گۆڕەکەدا تەرمی هاووڵاتییانی هەموو نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان هەن، هەروەها لە نێویاندا کارمەندانی سوپا و دانیشتووانی مووسڵ هەن، کە سەرجەمیان لە لایەن داعشەوە لەسێدارە دراون.
سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکی وەک ئێستا قورسە بتوانرێت، تەواوی ئێسک و پرووسکی ڕووفاتەکان کۆبکرێنەوە، چونکە زۆرینەیان بەهۆی ئاوی گۆگردی ژێر خاکەوە لەنێو چوونە، ئەمەش وای کردووە ئەرکی پسپۆرانی پزیشکی دادوەریش لە وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی، بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان ئاڵۆزتر بێت.
جگە لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی سەردەمی داعش، دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامن لە دۆزینەوەی شوێنی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حوسێن .هەروەها لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا، دەسەڵاتدارانی عێراق نزیکەی 289 گۆڕی بە کۆمەڵیان دۆزیوەتەوە.