هەولێر..640 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەناوبرا

لە هەولێر، لیژنەی دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان، 640 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆریان بە شێوەیەکی زانستی لەنێو برد. پرۆسەکە بە بەکارهێنانی کورەیەکی تایبەت و پشتبەستن بە مەرجە ژینگەییەکان بە پلەی گەرمی 800 بۆ 1000 پلەی سیلیزی سووتێنران.

هاوکات لیژنەکە پێکدێت لە هەریەک لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی مادەی هۆشبەرەکان، ئاژانسی زانیاری و پاراستن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ، پەیمانگای پزیشکی دادی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو ماددانەی لەناوبراوەکان پێکهاتبوون لە کریستاڵ، هیرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریوانا و دەرمانی پزیشکیی هۆشبەر، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

نەهرۆ جەلال، نوێنەری ژینگەی هەولێر لەو بارەوە بە کوردستان24ی گوت: کۆی گشتیی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە لە دادگاکان پلەی بنبڕیان وەرگرتووە، زیاتر لە تۆنێک و 800 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرە، بەڵام لەبەر نەبوونی کات و شوێنی گونجاو، بە چەند قۆناغێک دەسووتێنرێت.

هەروەها ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی دا، ئەمڕۆ نزیکەی 640 کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر لە کورەیەکی یاسایی لە نێوبردران، کە پێشتر لە دەشت لە نێو چاڵێک دەسووتێنرا، بەمەش کاریگەری پیسبوونی ژینگە و هەوا کەمتر دەکاتەوە و کاریگەری خراپی تەندروستیش لەسەر هاووڵاتییان کەمتر دەکاتەوە.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵ، هەزار و 91 تۆمەتبار دەستگیر کراون، کە 626 یان بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە، هاوکات لە چالاکییەکاندا 468 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە لەگەڵ 271 هەزار کیلۆگرام حەبی هۆشبەر، دوای یەکلای بوونەوەی کەسەکان ئەو مادانەش لەناو دەبرێت.

 
Fly Erbil Advertisment