پارێزگاری هەڵەبجە: دوو ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند

دوو کەس گیانیان لەدەستداوە

وێنەی ئەو دوو کەسەی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە
وێنەی ئەو دوو کەسەی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا ئاگرەکەی سنووری هەڵەبجە کۆنترۆڵ نەکراوە؛ هاوكات داوای تیمی زیاتریان کردووە بۆ بەهاناوەچوونیان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی هەبوونی بایەکی بەهێز نەیانتوانیوە ئاگرەکەی سنووری هەڵەبجە كه‌ سێ گوندی گرتووه‌ته‌وه‌، کۆنترۆڵ بکەن، له‌ كاتێكدا هه‌و|ڵه‌كانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی به‌رده‌وام بوون و نزیك بوو كۆنترۆڵی بكه‌ن. 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە گوتیشی: تاوەکوو ئێستا دوو کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەست داوە، کەسێکیان بەخۆبەخشی لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی ئاگرەکەی دەدا، کەسێکی دیکە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و دارستانی ژینگەی هەڵەبجە بوو.

زانیار عومەر ئاماژەی بەوە کرد، 10 تیمی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی ئاگرەکەن، هاوكات داوای تیمی زیاتریان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، هەروەها تاوەکوو ئێستا هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە نەزانراوە، بەڵام سەدان دۆنمی زەوی لە پووش و پاوان و دارستانه‌كانی سنووری نێوان ناوچەکانی چنار و مۆردین سووتاون، 

ماوەی دوو ڕۆژە ئاگرێکى گەورە لە سنوورى گوندەکانى چنار و مۆدرین لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاى هەڵەبجە کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ش بۆ كۆنترۆڵكردنی به‌رده‌وام له‌ ئه‌ركدا بوونه‌. 

نوێکرایەوە

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، نوخشە ناصح، پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی ئەو دوو هاووڵاتییە لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی سنووری پارێزگاکەیان گیانیان لەدەستدا، هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵە بەڕێزەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتیی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ.

هەروەها بۆ ئەو مەبەستەش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت و سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چاڵاکییەکی شادی ئامێز ڕادەگیرێت وەک ڕێزێک بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدەكانمان.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment