دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی بۆکان؛ ژینگە و کشتوکاڵی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە

ئاستی ئاوی بەنداوی بۆکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و مەترسییەکانی وشکبوونی زیادیکردووە.

ئاستی ئاوی بەنداوی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لەناو هاووڵاتیان و جووتیارانی ناوچەکەدا. کەمبوونەوەی ئاوەکە کە بەهۆی چەندین هۆکارەوە ڕوویداوە، ژیانی ئاژەڵە ئاوییەکانی خستووەتە مەترسییەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەی چەندین شار داناوە.

بەنداوی بۆکان، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاو بۆ پارێزگاکانی ورمێ، سنە و تەورێز، توانای گلدانەوەی نزیکەی 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە؛ بەڵام لە ئێستادا، بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، تەنها نزیکەی 180 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوەتەوە، کە لەوەش تەنها 80 ملیۆن مەتر سێجای بۆ بەکارهێنان دەشێت.

 

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاو

هاووڵاتیان و جووتیارانی ناوچەکە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە بۆ گواستنەوەی بەشێکی زۆری ئاوەکەی بۆ شاری تەورێز و ناوچە ئازەرنشینەکانی دیکە دەگەڕێننەوە. ئەوان پێیان وایە کە ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی ناوچەکەی خۆیان.

یەکێک لە جووتیارەکان بە ناوی کامیل حەکیمی دەڵێت، "ئەمساڵ ئاوەکە زۆر کەمیکردووە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە وەرزی پاییزدا ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوی بەنداوەکە بۆ دەریاچەی ورمێ بەردەدرێتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی بارانبارین لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا هۆکارێکی دیکەی ئەم قەیرانەیە.

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەممەد ساڵح، کە جووتیارە، دەڵێت "ئاستی ئاوەکە 50 بۆ 100 مەتر دابەزیوە و لە ماوەی ڕۆژێکدا 20 سانتیمەتر ئاو کەم دەکات."

 

کاریگەرییەکان و هۆشدارییەکان

کەمبوونەوەی ئاستی ئاو بووەتە هۆی دەرکەوتنی وشکانی و مرداربوونەوەی ماسییەکان. ئەمە جگە لەوەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێریی زەوییەکان داناوە.

پارێزگاری تەورێز هۆشداریی داوە لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا تەنها بۆ ماوەی 75 ڕۆژی داهاتوو ئاوی خواردنەوە بۆ شاری تەورێز دابین دەکرێت.

موحسین نەسری، گەشتیارێک لە ناوچەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوەکە، بەردانەوەی ئاوە لەو تونێلەی کە بۆ تەورێز و شارەکانی دیکە دەڕوات. 

جووتیارانی ناوچەکەش باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی 1979ـەوە تا ئێستا ئاوی بەنداوەکە بەم ڕادەیە کەمی نەکردووە و لە کاتێکدا کە لە ساڵانی پێشوودا لە وەرزی پاییزدا 6 بۆ 7 مەتر ئاوی زیاتری تێدا بووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment