ئاوی پڕۆژەی بێستانسوور سەدا 90 کەمیکردووە؛ جووتیاران کشتوکاڵیان ڕاگرتووە
کەمبوونەوەی ئاوی پرۆژەی بێستانسوور، نیگەرانی و گرفتی بۆ دانیشتووانی شارەزوور و دەوروبەری دروستکردووە.
دانیشتووانی قەزای شارەزوور و ناحیەکانی عەربەت و زەڕایەن و چەندان گوندی دیکە، ڕووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی پرۆژەی 'بێستانسوور' کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی ناوچەکەیە.
ئاستی ئاوی پرۆژەی بێستانسوور بە ڕێژەی 90% کەمیکردووە. لە ڕابردوودا ڕۆژانە 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ئەم ڕێژەیە بۆ نزیکەی 12 هەزار مەتر سێجا دابەزیوە. ئەمەش وایکردووە کە ماوەی پێدانی ئاو بە هاووڵاتییان کەمبکرێتەوە و لە هەندێک گەڕەکیش ئاو بە تەواوی نەگاتە ماڵان.
هاووڵاتییان ناچاربوون پەنا بۆ کڕینی ئاو بە تانکەر ببەن، کە ئەمەش بارگرانییەکی دیکەی ئابووریی بۆ دروستکردوون. شۆفێرێکی تانکەریش ئاماژەی بەوەدا کە نرخی ئاو بەپێی دووری و نزیکیی شوێنەکان دەگۆڕێت و لە نێوان 10 بۆ 12 هەزار دیناردایە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەمەزان عارف، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی 'بێستانسوور' ڕایگەیاند، کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن و جێگرەوەی دیکەیان بۆ دابینکردنی ئاو دۆزیوەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە، سزای 257 هاوبەشی ئاویان داوە.
کەمبوونەوەی ئاو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵیش هەبووە و جووتیارانی گوندی بێستانسوور ئەمساڵ نەیانتوانیوە سوود لە ئاوی پرۆژەکە وەربگرن بۆ ئاودێریی بەرهەمەکانیان، تاوەکوو ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.