شەرع: گەورەترین زیانلێکەوتووی دەستی داعش بووم

سەرۆکی سووریا دووپاتی دەکاتەوە "گەورەترین زیانلێکەوتووی دەستی داعش بووم"، لەبارەی چارەنووسی گەلی کوردیش، دەڵێت "هەموو کێشەکان لەگەڵ کورد و خەڵکی سوەیدا دەکرێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت."
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لە لێدوانێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، لە ڕۆژنامەی "ئەلنەهار"ـی کوەیتی بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند، سەر بە گرووپی 'ئیخوان موسلیمین' نییە و جەختی لەوە کردەوە "گەورەترین زیانلێکەوتوو"ی دەستی ڕێکخراوی داعش بووە.
شەرع ئاماژەی بەوەش کردووە "هەموو ئایدۆلۆژیا نەتەوەیی و ئیسلامییەکان لە ناوچەکەدا شکستیان هێناوە".
چارەسەرکردنی پرسی کورد
سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردەوە، هەر بانگەوازێک بۆ جیابوونەوە لەناو سووریادا "تەنها وەک خەونێک دەمێنێتەوە". ئەو پێی وایە "چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کورد و خەڵکی پارێزگای سوەیدا تەنها لە چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵاتدا ئەگەریان هەیە".
شەرع دووپاتی کردەوە: "هەموو کێشەکان لەگەڵ کورد و سوەیدا دەکرێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، جگە لە جیابوونەوە،" گوتیشی "سیاسەتی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێبووردەیی دامەزراوە، نەک تۆڵەسەندنەوە".
پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و هەڵوێست لەسەر لوبنان و عێراق
سەبارەت بە ئیسرائیل، شەرع ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان بە تەواوی بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی جۆلان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ساڵی 1974، و گوتی "پێش ئەو مەرجە هیچ قسەیەک لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی ناکەین".
سەرۆکی سووریا هەروەها ڕەتیکردەوە، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبناندا بکات و لە هەمان کاتدا، ستایشی هەڵوێستی عێراقی کرد "لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە".
لە کۆتاییدا، شەرع جەختی کردەوە کە سووریا "بەرەو بووژانەوە هەنگاو دەنێت" و باسی لەوە کرد "وڵاتەکەمان بە خۆی و بە هاوپەیمانییەکانی بەهێزە".