پرۆژەی ڕووناکی لە سلێمانی بووەتە جێگای ڕەزامەندی هاووڵاتییان

لە شاری سلێمانی، جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی و پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بە هاووڵاتییان و کاسبکاران، ڕەزامەندییەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە و باری سەرشانیانی سووک کردووە.

عەتا کەریم، پیشەوەرێک کە ماوەی هەشت ساڵە دوکانی چاککردنەوەی پارچەی ئۆتۆمبێلی هەیە، باس لەوە دەکات کە کارەکەی پێویستی بە کارەبایەکی زۆرە و بە کوردستان24ی گوت: پێشتر پارەیەکی زۆری بۆ کارەبای موەلیدە و نیشتیمانی داوە، بەڵام ئێستا ئاسانکارییەکی زۆری بۆ کراوە و لە دوو مانگی ڕابردوودا، بۆ هەر مانگێک نزیکەی 9 هەزار دیناری بۆ گەڕاوەتەوە، کە بڕێکی زۆر کەمترە لەچاو ڕابردوودا.

هاووڵاتییانیش بە هەمان شێوە دڵخۆشن بەم پرۆژەیە. عیزەت ساڵح، یەکێک لە دانیشتووانی شارەکە، دەڵێت: ئەگەر کارەبایەکەی بەو شێوەیە بەردەوام بێت، زۆر باشە، هاوکات پرۆژەی ڕووناکی بە بە سیستەمی پێشوو بەراورد دەکات کە بۆ موەلیدەی ئەهلی مانگانە 50 هەزار دیناریان داوە و کارەباکەش بەردەوام نەبووە، بەڵام ئێستا بە پارەیەکی زۆر کەمتر (لە نێوان 7 بۆ 18 هەزار دینار) کارەبای بەردەوامیان هەیە.

جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە ئاودانییەکی زۆری خستووەتە گەڕەک و کۆڵانەکانی شار و هاووڵاتییان هاوینی ئەمساڵیان بەبێ گرفتی کارەبا بەڕێکردووە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاوبەش لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند بوون. لە شاری سلێمانیشدا، نزیکەی 977 هەزار هاوبەشی ماڵان و 38 هەزار هاوبەشی بازرگانی لەم پرۆژەیە سوودمەند بوون.

 
Fly Erbil Advertisment