لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی دیمەشق، شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و لە ئەنجامدا حەوت هاووڵاتیی سووریی کوژران کە شەشیان سەربازی سوپای سووریا بوون.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "درۆنێکی ئیسرائیلی سەربازگەیەکی سەربازی سەر بە فیرقەی 44ی لە ناوچەی حەرجەلی لە شارۆچکەی کسوا لە گوندەواری ڕۆژئاوای دیمەشق کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ قوربانی لێکەوتەوە کەلەنێو کارمەندانی فیرقەکەدا بوون." دواتر تەلەفزیۆنی هەواڵی سووریا ڕایگەیاند، ژمارەی سەربازە کوژراوەکان گەیشتووەتە شەش سەرباز.
هەڵمەتەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات ئاژانسی فەرمیی عەرەبی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە "لە ئەنجامی بۆمبارانکردنی ماڵێک لەلایەن ئیسرائیلەوە لە گوندی تارەنجە لە گوندەواری قونەیترە لە باکووری وڵات، گەنجێک کوژرا."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا "هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل"ی ئیدانە کرد و هێزەکانی ئیسرائیلی بە "هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕاگەیاندنی بەردەوامی ئامادەبوونی نایاساییان لە لوتکەی چیای حەرمون و ناوچەی پارێزەر" تاوانبار کرد.
وەزارەتەکە پێی وایە "ئەم هەڵمەتە پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش پێکدەهێنن و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە پێکدەهێنن." هەروەها داوای لە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم پێشێلکارییە بەردەوامانە."
لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئیسرائیل سەدان هێرشی بۆ سەر شوێنە سەربازییەکان لە سووریا دەستپێکردووە، هەروەها سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو ناوچەی پارێزراوی بێ سەربازی لە بەرزاییەکانی جۆلان کە دەکەوێتە پەراوێزی بەشێک لە خاکی سووریا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە. ناوبەناویش هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوی دەکەن بۆ ناوچەکانی قوڵایی باشووری سووریا.