ڕامی عەبدولڕەحمان بۆ کوردستان24: ئیسرائیل شوێنێکی نزیك له ئەحمەد شەرعی کردە ئامانج

هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە دیمەشقیان بۆردوومان کرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج 10 کیلۆمەتر لە ئەحمەد شەرعەوە دوور بووە.
چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، ڕامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ی گوت، سێ فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل 11 جار چەند پێگەیەکی سەربازیان لە دەوروبەری دیمەشق بۆردوومان کردووە.
ئاماژەشی دا، لە کاتی هێرشەکەدا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە ئاهەنگی کردنەوەی پێشانگەی دیمەشق بوو، کە ئەو شوێنانەی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی کردوون نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە پێشانگەکە دوور بووە.
باسی لەوەش کرد، تا ئێستا زانیاری پشتڕاستکەرەوە لەبارەی ژمارەی قوربانییان و زیانی ماددی پێیان نەگەیشتووە.
هەروەها دوێنێ سێشەممە، تەلەڤزیۆنی فەرمی سووریا (سانا) بڵاوی کردبووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل شەش کارمەندی سوپا کوژراون، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا ناوبرد.