عەلەوییەکانی سووریا داوای دامەزراندنی هەرێمێکی فیدراڵی دەکەن

ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی عەلەوییەکانی ناوچە کەناراوەکانی سووریا، بڕیاری دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی سیاسیانداوە بەناوی "ئەنجوومەنی سیاسی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای سووریا"، کە خۆیان بە نوێنەرانی هەردوو پارێزگای لازقیە و تەرتووس و چەند ناوچەیەکی حومس دەزانن و ئامانجیان دامەزراندنی هەرێمێکی فیدراڵی دیموکراسییە لە سووریا.

دەستەی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنەکە لە 13 کەس پێکهاتوون و ڕاگەیەندراوێکیان بەناوی ئەنجوومەنەکەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، سیستەمی فیدراڵی لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای سووریا دەبێتە چارەسەرێک بۆ کێشە جیاجیاکانی ناوچەکە، کە حکوومەتی نوێی سووریا نەیتوانیوە چارەیان بکات، بۆیە ئەوان سیستەمی فیدراڵی بە ڕێگە چارە دەزانن.

گرنگترین خاڵەکانی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنەکە بریتین لە:

-  بنەمای سەرەکی کۆماری فیدراڵی بەرقەراربوونی ئاشتییە، تەنیا سیستەمی فیدراڵی دەتوانێت ئاشتی لەنێوان هەموو هەرێمەکانی سووریا مسۆگەر بکات.

-  سیستەمی فیدراڵی ڕێگە بە هەرێمەکان دەدات کە بتوانن خۆیان سەرپەرشتی داهاتەکانی خۆیان بکەن.

-  سەرەتا لە پێکهاتەی عەلەوی دەست پێدەکەین وەکوو سەرەتایەک بۆ ئەو دابەشکارییەی حکوومەتی دێفاکتۆی سووریا سەپاندوویەتی، لە هەنگاوی داهاتوودا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش هەوڵەکانمان فراوانتر دەکەین. 

-  دەسەڵاتی ئێستای سووریا سیستەمێکی تیرۆریستییە و دەستی بەسەر حووکمی سیاسی سووریا داگرتووە.

-  دەبێت کۆنگرەیەکی نیشتمانی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.

-  سیستەمی فیدراڵی باشترین مۆدێلی حوکمڕانییە بۆ سووریا.

-  دەبێت هێزە تیرۆریستییەکان لە سووریا نەمێنن.

-  حکوومەتی تاکلایەنە کە لەسەر بنەمای ئایینی دامەزراوە بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەنەوە.

لە کۆتا خاڵدا، ئەنجوومەنەکە داوای دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئێستای سووریا و ئەنەس خەتاب، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگری سووریا دەکەن، کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی ئێستای حکوومەتی سووریا.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، ئاڵۆزی زۆر لەنێوان پێکهاتەکانی سووریا ڕوویدا و جگە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوورزەکان و ئێستاش عەلەوییەکانیش داوای دامەزراندنی هەرێمی سەربەخۆ دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment