ئۆجەلان: بۆ پرۆسەی ئاشتی پێویستمان بە هەنگاوی بەپەلەیە

ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکی نوێیدا ڕایگەیاند، پێویستیان بە هەنگاوی بەپەلە هەیە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، دەشڵێت: بە وردی پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە بۆ ئەوەی بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا.
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، دوێنێ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) کۆبوویەوە و ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: بۆ ماوەی 3 کاتژمێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە و تەندروستی و ورەی زۆر باش بوو، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی باسیان لەوەشکرد، لە میانی دیدارەکەدا، ئۆجەلان هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی و بارودۆخی ئێستای پرۆسەکە کردووە.
ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، بە وردی پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە بۆ ئەوەی بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام ئامانجیان بووە ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغێکی پڕ لە ئازار.
ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) ڕایگەیاندووە، کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئاشتی و تێکەڵکردن، سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن و ئامانجەکان تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.
هاوکات جەختی لەسەر پێویستی قۆناغێکی نوێ کردەوە کە تێیدا هەنگاوی بەپەلە لەسەر هەموو ڕەهەندەکان بۆ پرۆسەکە بنرێت.
لەراگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەداوە کە هەمیشە خوازیاری تێکەڵکردن بووە لەسەر بنەمای کۆمارێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، بۆیە تێگەیشتن و لە ئامێزگرتنی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە سوودی بۆ هەموو تورکیا دەبێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتیشی:ئەو ڕێبازەی سادەکردنەوە یان بێبایەخانەی کە هەندێک لە لایەنی سیاسی و میدیا دژی تێکەڵکردن گرتوویانەتەبەر، زیانی بەم پرۆسەیە گەیاندووە، ئۆجەلان باوەڕی قووڵی خۆی بە دۆستایەتی هەمیشەیی و ئاشتی نێوان گەلان دووپاتکردەوە.