تورکیا پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: ئاسمان بەڕووی فڕۆکەکانی ئیسرائیل دادەخەین.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئابی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەرلەمانی ولاتەکەی کە تایبەت بوو بە دۆخی غەززە، ڕایگەیاند: پەیوەندیی ئابووریی و بازرگانیمان لەگەڵ ئیسرائیل بەتەواوی پچڕاند و ڕێگە نادەین کەشتییە تورکییەکان بچنە بەندەرەکانی ئیسرائیل.
هەروەها گوتی: ئیسرائیل نایەوێت سووریا ولاتێکی بەهێز بێت ، دژی ئەو پلانەین کە پێشنیاری دەرکردنی گەلی فەڵەستین دەکات لە غەززە، پلانێکی لەو شێوەیە بەلای ئێمەوە هیچ بەهایەکی نییە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تاوانەی دڕندانەی ئیسرائیل لە غەززە دەیکات، وەک یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی تۆمارکراوە