دوو خۆبه‌خش له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی پێنجوێن سووتاون و یه‌كێكیان ته‌ندروستیی ناجێگیره‌

قایمقامی پێنجوێن بۆ كوردستان24: هه‌وڵه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌‌ به‌رده‌وامن

ئاگرێک بە هۆکارێکی نادیار لە پێنجوێن کەوتووەتەوە و تا ئێستا نزیکەی هەزار دۆنم پووش، پاوان و دارستان سووتاون و دوو کەسیش بریندار بوونه‌؛ هاوكات بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن لە هەوڵدان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

هەینی، 29ـی ئابی 2025، هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، ئاگرێک له‌ دوێنێوه ‌بە هۆکارێکی نادیار لە پێنجوێن کەوتووەتەوە و تا ئێستا نزیکەی هەزار دۆنم پووش، پاوان و دارستان سووتاون و دوو کەسیش به‌ ناوه‌كانی بێستوون عه‌بدوڵڵا و ئالان یووسف بریندار بوونه‌ و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون و تەندروستیی بێستوون عەبدوڵڵا ناجێگیرە.

هێمن ئیبراهیم گوتووشیه‌تی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن لە هەوڵی به‌رده‌وامن بۆ كوژاندنه‌وه‌ و كۆنترۆڵكردنی ئاگرەکە. هاوكات هاوشانی ئه‌و تیمانه‌، ڕێخراوی ملەکەوە بۆ ژینگە و ژماره‌یه‌كی زۆری هاوشاریانیش  وەک خۆبەخش به‌شداریی له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

قایمقامی پێنجوێن ده‌شڵێت، ئاگرەکە هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە و  لەبەر ئەوەی مین و تەقەمەنییەکی زۆر لە ناوچەکە کە پاشماوەی جەنگیی عێراق – ئێران و ئێرانن و به‌م هۆیه‌وه‌ کۆنترۆڵكردنی ئاگرەکە سەخت بووە. باسی له‌وه‌ش كردووه‌، به‌هۆی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەكه‌ لە سلێمانی، ئەمرۆ داوای تیمی هاوکارییان بۆ کۆنترۆڵكردنی ئاگرەکە نەکردووە.

قەزای پێنجوێن دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی، یەکێکە لە قەزا گرنگ و بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان، کەوتووەتە سنووری نێوان عێراق و ئێران، ئەم قەزایە له‌ سێ ناحیە و 188 گوند پێكهاتووه‌ و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 100 هەزار کەس ده‌بێت.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 17 لەسەر 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پووش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی ئاری موختار، لەگەڵ پۆلیسێک گیانیان لەدەست دا، دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار دۆنم پووش و پاوه‌ن و ژماره‌یه‌كی زۆر ئاژه‌ڵی كێوی سووتان و شه‌ش گوندیش له‌ ناوچه‌كه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.

 
Fly Erbil Advertisment