هەزاران کەس لە ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 850 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.
بەگوێرەی زانیارییە کۆکراوەکانی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 850 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. تەنیا لە مانگی تەمووزدا، دەسەڵاتدارانی ئێران 110 کەسیان لە سێدارە داوە. رێژەکە زیاترە لە دوو هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە تەمووزی ساڵی ڕابردوودا لە سێدارە دراون.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئێستا 11 کەس هەڕەشەی لە سێدارەدرانی خێرایان لەسەرە، لەوانە شەش کەس بە تۆمەتی چالاکی چەکداری و ئەندامەتی لە حزبە دژبەرەکانی کۆماری، پێنج کەسیش بە تۆمەتی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022 ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە. هاوکات لە 16ی مانگی ئابی 2025da سزای سێدارەی شەریفە محەمەدی, چالاکی کرێکاری لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسند کرا.
بەپێی داتا تەواوکەرەکان لە مانگی تەمووزدا تەنیا لەسێدارەدانی هەشت کەس واتا 7%ـی ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون لە میدیا فەرمییەکانی ئێراندا ڕاگەیاندراوە؛ بەڵام لە هەمان مانگدا 54 کەس، واتا 54%ـی لەسێدارەدراوان بە تاوانی ماددەی هۆشبەر، 44 کەس واتا 40% بە تاوانی کوشتنی بەئانقەست، پێنج کەس بە تاوانی دەستدرێژی و دوو کەس بە تاوانی بەغی واتا چالاکیی چەکداری لەسێدارە دراون.
لە حەوت مانگی ڕابردووشدا، لە 716 سزای تۆمارکراوی لەسێدارەدان، 347 کەسیان بە تاوانی ماددەی هۆشبەر و 310 کەس بە تاوانی کوشتنی بەئانقەست لەسێدارە دراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەدەن، لە حەوت مانگی ڕابردوودا حکوومەتی ئێران تەنیا لەسێدارەدانی 55 کەس، واتا 8%ـی لەسێدارەدراوانی بەفەرمی ڕاگەیاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێستا 67 کەس سزای سێدارەیان لەسەرە، لەوانە 20 کەسیان بەهۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 و 18 کەس بەهۆی بەشداری لە نارەزایەتییەکانی 2022 ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاوە. هاوکات نۆ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و یەک کەسیش بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. پێنج لەسەر شەشی سزاکان لەلایەن دادگاکانی شۆڕشەوە دەر کراون و 22 سزا لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسند کراون.
راڤینا شەمداسانی، گوتەبێژی نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ، ڕایگەیاند، ئێران چەندین جار داواکاریی بەشداریکردن لە جووڵەی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان پشتگوێ خستووە.