ڕاوێژکاری سیاسیی پزیشکیان: نابێت گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بە کەم بزانرێت

مەهدی سەنایی، ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆک کۆماری ئێران، دەڵێت: نابێت گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بە کەم سەیر بکرێت و دەبێت هەموو هەوڵ و توانای وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گەمارۆیانە بێت.
شەممە، 30ی ئابی 2025، مەهدی سەنایی، ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆک کۆمار، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بە ڕاگەیاندنی فەرمی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بۆ چالاککردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی بۆ سەر ئێران کرد و نووسی "نابێت گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بە کەم سەیر بکرێت و دەبێت هەموو هەوڵ و توانای وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گەمارۆیانە بێت."
سەنایی، لە درێژەی ئەم پەیامەدا ئاماژەی بەوە داوە "گەمارۆی درێژخایەن بۆ سەر هەر وڵاتێک کاریگەری زیانبەخش و قووڵی هەیە و ڕێگرە لە گەشەسەندن. گەمارۆکان دەبنە هۆی سنووردارکردنی زیاتری ئامادەیی ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا و تەنانەت دروستکردنی کێشە و ناتەبایی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا."
سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕۆژی پێنجشەممە بە فەرمی بڕیاری چالاککردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان بۆ سەر ئێران، بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، ڕایانگەیاند، ئامادەن لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوەش دەتوانێت پرۆسەی سەپاندنەوەی سزاکان ڕابگرێت.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیدا بەرانبەر هەوڵی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە لە چالاککردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسی "وەک پێشتر بە ڕوونی ڕامگەیاندووە، بڕیاری سێ وڵاتە ئەوروپییەکە کاریگەری نەرێیی بەرچاوی لەسەر دیپلۆماسی دەبێت. ئەم هەنگاوە بە توندی گفتوگۆکانی ئێستای نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لاواز دەکات و هەروەها ئێران ناچار دەکات کاردانەوەی گونجاوی هەبێت."